نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژئاوای باڵکان دەڵێت دەبێت کۆسۆڤۆ سەربەخۆیی زیاتر بدات بە شارەوانییەکانی زۆرینەی سڕب لە باکووری وڵاتەکە ئەگەر بیەوێت نزیک ببێتەوە لە پەیوەستبوون بە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە.
لەو کاتەوەی دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤۆ سەرۆک شارەوانییە ئەڵبانی نژادەکانیان لە شارەوانیەکانی شارە زۆرینە سڕبەکان داناوە، توندوتیژییەکان پەرەیان سەندووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە بوو مانگی چواردا لە دەنگدانێکدا کە ڕێژەی بەشداریکردن تیایدا تەنها 3.5% بوو، هەڵبژێردران. ئەمەش سڕبەکانی توڕە کردووە کە لەو ناوچەیەدا زۆرینەن و هەڵبژاردنەکەیان بایکۆت کردبوو.
گابرێل ئیسکۆبار، داوای لە کۆسۆڤۆ کردووە، پۆلیس و سەرۆک شارەوانییەکان لە نووسینگەکانیان لەو ناوچانەی کە زۆرینەی سڕبن بکشێننەوە، بۆ ئەوەی گرژییەکان کەمبکەنەوە و دواتر هەڵبژاردنی نوێی شارەوانییەکان ئەنجامبدەن کە سڕبەکانیش بەشداری تێدا بکەن.
ڤیۆسا عوسمانی، سەرۆکی کۆسۆڤۆ لە چاوپێکەوتنێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی دەتوانێت هەڵبژاردنی نوێ لە شارەوانییەکانی زۆرینە سڕبییەکان دەستپێبکات، ئەگەر 20%ی دەنگدەران واژۆ لەسەر داواکارییەک بۆ هەڵبژاردن بکەن.
ئیسکۆبار لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەلگراد بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەگەر کۆسۆڤۆ بیەوێت بەرەو تێکەڵبوونی ئەروپا- ئەتلانتیک هەنگاو بنێت، ئەوە دەبێت (کۆمەڵەیەک لە شارەوانییەکانی سڕبەکان) دابمەزرێنێت".
ئیسکۆبار ئاماژەی بەوەشکردووە، سڕبیا کە پشتگیری لە نزیکەی 50 هەزار سڕب نژاد دەکات لە باکوری کۆسۆڤۆ چ لە ڕووی دارایی و چ لە ڕووی سیاسیشەوە، دەبێت دڵنیابێت لەوەی سڕبەکانی ناوچەکە بەشداری لە هەڵبژاردنە نوێیەکەدا دەکەن.
چوار شارەوانی کە زۆرینەیان سڕب نژادن لە باکوری کۆسۆڤۆ بەلگراد وەک پایتەختی خۆیان دەزانن و دژ بە حکومەتن لە پرستینا.
سڕبەکانی باکوری کۆسۆڤۆ لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوودا دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت. ئەوان داوای سەربەخۆیی زیاتر دەکەن بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنێکی ساڵی2013 کە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی کردووە کە داوای پێکهێنانی کۆمەڵەی شارەوانییەکانی سڕبەکان دەکات.
ئاڵبن کورتی سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ ئامادە نییە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، چونکە ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر ئۆتۆنۆمی زیاتریان پێ بدرێت، سڕبەکان لە بری ئەوەی وەک بەشێک لە کۆسۆڤۆ بمێننەوە، ڕیفراندۆم بۆ پەیوەستبوون بە سڕبیا ئەنجام بدەن.
هێزەکانی ئاشتیپارێزی ناتۆ لەم هەفتەیەدا دوای نائارامییەکانی ئەم دواییە دەستیان لە کۆسۆڤۆ جێگیربوون.
کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 سەربەخۆیی لە سڕبیا ڕاگەیاند، بەڵام سڕبیا، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی ئامادە نەبوون دان بەو وڵاتەدا بنێن، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە کۆسۆڤۆ کردووە کە کورسییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت.