Accessibility links

ئیمانوێڵ ماکرۆن:  کۆسۆڤۆ بەرپرسیارێتی ئاڵۆزییەکانی لە ئەستۆدایە


ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پاش پێکدادانی ئەم هەفتە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێهییەکان لە کۆسۆڤۆ، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، کۆسۆڤۆ "بەرپرسیارێتی" لە ئەستۆدایە.

ماکرۆن لە براتیسلاڤا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "زۆر ڕوونە کە دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤا بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستایان لە ئەستۆدایە و پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنێک هەیە کە تەنها یەک دوو هەفتە لەمەوبەر مسۆگەرکرابوو."

سەرەتای ئەم مانگە ئەلبین کورتی سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ و ئەلێکساندەر ڤوچیچ سەرۆکی سڕبیا بە نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا وتووێژیان کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

پێکدادانەکان لە باکووری کۆسۆڤۆ کاتێک سەریهەڵدا کە حکومەت لە شاری پریستینا هێزی پۆلیسی خۆی بەکارهێنا بۆ هەوڵدان بۆ دانانی سەرۆک شارەوانییە ئەڵبانی نژادەکان لە شارۆچکەکانی باکوور کە سڕبەکان زۆرینە پێکدەهێنن. سڕبەکان بایکۆتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیان کردبوو.

دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، دوای ئەوەی سڕبەکان هەوڵیاندا بە زۆر خۆیان بخەنە ناو هۆڵێکی شارەوانی لە شارۆچکەی زڤێکان لە باکووری وڵات، بەڵام لەلایەن پۆلیسی کۆسۆڤۆوە بەرپەرچدرانەوە کە گازی فرمێسکڕژێنیان بەکارهێنا.

ئاشتیپارێزانی ناتۆ هەوڵیان دا خۆپیشاندەران لە پۆلیس جیابکەنەوە، بەڵام دواتر بە بەکارهێنانی قەڵغان و دار دەستیان کرد بە بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە. خۆپیشاندەران بە فڕێدانی بەرد و شووشە و کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ بەسەر سەربازەکاندا وەڵامیان دایەوە.

بەلایەنی کەم 30 ئاشتیپارێز -11 ئیتاڵیایی و 19 هەنگاریایی – لە پێکدادانەکاندا برینداربوون.

لەنێو خۆپیشاندەران 52 کەس بریندار بوون کە سێ کەسیان برینەکانیان سەختە، پێنج کەسی سڕبییش بەهۆی بەشداریکردنیان لە پێکدادانەکاندا دەستگیرکران.

ماکرۆن گوتیشی " ئێمە زۆر بە ڕوونی دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤامان ئاگادار کردەوە کە بەردەوامبوون لەم هەڵبژاردنە هەڵە بوو."

سەرۆکی فەرەنسا ڕایشیگەیاند هیوادارە ڕۆژی پێنجشەممە، لە پەراوێزی دانوستانەکان لە چیسینۆی پایتەختی مۆڵدۆڤا، سەرۆکەکانی کۆسۆڤۆ و سربیا "بەیەکەوە" ببینن.

کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 سەربەخۆیی لە سڕبیا ڕاگەیاند، بەڵام سڕبیا، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی ئامادە نەبوون دان بەو وڵاتەدا بنێن، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە کۆسۆڤۆ کردووە کە کورسییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت.

سڕبەکان لە کۆسۆڤۆ تاڕادەیەکی زۆر دڵسۆزییان بۆ بەلگراد ماوەتەوە، بەتایبەتی لە باکوور کە زۆرینەن و هەموو هەنگاوێکی پریستینا بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا ڕەتدەکەنەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG