Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا داوا لە کۆسۆڤۆ و سەرکردەکانی سڕبیا دەکات گرژییەکان هێور بکەنەوە


جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە داوای لە سەرکردەکانی کۆسۆڤۆ و سڕبیا کرد دەستبەجێ گرژییەکان کەمبکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە باکووری کۆسۆڤۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "بەتەواوی قبوڵنەکراو" ڕوویدا.

ئەو توندوتیژیانەی بەهۆی هەڵبژاردنە مشتومڕلەسەرەکانی شارەوانییەکانەوە سەریهەڵدا، ڕۆژی دووشەممە بوونە هۆی برینداربوونی 30 سەربازی هێزێکی ئاشتیپارێزی بە سەرۆکایەتی ناتۆ ، دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سڕب نژادەکان.

بۆرێل ئاماژەی بەوەش کرد قسەی لەگەڵ ئەلبین کورتی سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ و ئەلێکساندەر ڤوچیچ سەرۆکی سڕبیا کردووە بۆ ئەوەی پێیان بڵێن خۆیان لە هەر "کردەوەیەکی تاکلایەنەی زیاتر" بەدوور بگرن.

گوتیشی "داوام لە هەردوولا کرد ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک".

بۆرێل وتی دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤۆ پێویست بوو ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیس ڕاگرن کە سەرنجی لەسەر بیناکانی شارەوانییەکان بوو لە باکووری کۆسۆڤۆ و پێویستە خۆپیشاندەرانی سڕب نژادەکان هێور ببنەوە.

هۆشداریشیدا کە یەکێتی ئەوروپا "تاوتوێی ئەو ڕێوشوێنانە دەکات کە دەکرێت بگیرێتەبەر ئەگەر لایەنەکان بەردەوام بن لە بەرەنگاربوونەوەی هەنگاوە پێشنیار کراوەکان بەرەو کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان".

سڕبەکان کە نزیکەی لەسەدا شەشی دانیشتوانی کۆسۆڤۆ پێکدەهێنن، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردوویان کرد لە شارۆچکەکانی باکوور کە زۆرینەن تیایدا، ئەمەش ڕێگەی بە ئەلبانییەکان دا کۆنترۆڵی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان بکەن سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان کەمتربوو لە %3.5 .

زۆرێک لە سڕبەکان داوای کشانەوەی هێزەکانی پۆلیسی کۆسۆڤۆ دەکەن، هەروەها داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو سەرۆک شارەوانییە ئەڵبانیانەش کە ئەوانبە نوێنەری خۆیان نازانن.

ئاڵۆزییەکا ڕۆژی دووشەممە پەرەسی سەند کاتێک سڕبەکان هەوڵیاندا بە زۆر بچنە ناو هۆڵی شارەوانی شارۆچکەی زڤێکان، بەڵام لەلایەن پۆلیسی کۆسۆڤۆوە بەرپەرچدرانەوە، گازی فرمێسکڕژێن لەلایەن پۆلیسەوە بەکارهات بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە.

ئاشتیپارێزانی ناتۆ هەوڵیان دا خۆپیشاندەران لە پۆلیس جیابکەنەوە، بەڵام دواتر بە بەکارهێنانی قەڵغان و دار دەستیان کرد بە بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە. خۆپیشاندەران بە فڕێدانی بەرد و شووشە و کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ بەسەر سەربازەکاندا وەڵامیان دایەوە.

کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 سەربەخۆیی لە سڕبیا ڕاگەیاند، بەڵام سڕبیا، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی ئامادە نەبوون دان بەو وڵاتەدا بنێن، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە کۆسۆڤۆ کردووە کە کورسییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت.

سڕبەکان لە کۆسۆڤۆ تاڕادەیەکی زۆر دڵسۆزییان بۆ بەلگراد ماوەتەوە، بەتایبەتی لە باکوور کە زۆرینەن و هەموو هەنگاوێکی پریستینا بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا ڕەتدەکەنەوە.





XS
SM
MD
LG