Accessibility links

ساڵح نیکبەخت بانگکردنی لەلایەن دادگای ئێرانەوە بۆ لێکۆڵێنەوەکردن لەگەڵیدا پشتڕاست دەکاتەوە


ساڵح نیکبەخت پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی ڕۆژی شەممە لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بانگکراوە و تۆمەتی " پروپاگەندەکردن دژ بە دەوڵەت" خراوەتە پاڵی.

لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا نیکبەخت هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی " منیان تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکە بانگکردووە و بە کەفالەتی 150 ملیۆن تمەنی پارێزەرەکەم کە لەگەڵمدا هاتبوو هەرچەندە نەیانهێشت لە لێکۆڵینەوەکەدا دابنیشێت، ئازادیان کردم."

نیک بەخت کە پارێزەرێکی بەناوبانگە لە ئێران و بەرگری لە سەدان زیندانی سیاسی بە تایبەتی کوردەکان کردووە سەبارەت بە هۆکاری بانگکردنەکەی گوتی " هۆکاری بانگکردنەکە ئەوە بووە کە من قسەم بۆ دەنگی ئەمەریکا، بی بی سی، ئێران ئینتەرناشناڵ و ڕادیۆ فەردا کردووە."

ئێران ئەم دەزگا میدیاییە جیهانییانە بە دژی دەوڵەت دەزانێت.

نیک بەخت کە پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینییە سەبارەت بە دۆسییەی مەرگی ژینا بە دەنگی ئەمەریکای گوت دۆسییەکە وەکو خۆی ماوەو هیچ پێشنەکەوتووە " ئێمە دوامان کردووە بەڵگەکانی پزیشی قانونیمان پێبدەن تا لەگەڵ پزیشکانی خۆمان تاوتوێی بکەین و بیدەین بە بنەماڵەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەڵگەنامەکانمان خوێندووەتەوە و شتێکیشی وەهای تێدا نییە بەڵام، پێیان نەداوین."

هەروەها دەشڵێت " لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە لە نێو ڤانەکەدا بوون لەو کاتەی کە ژینا ئەمینی دەستگیرکرابوو، بەڵام بەبێ حزوری ئێمە ئەو لێکۆڵینەوانە کراوەن. هەروەها ڕێگەشیان نەداوە کە لە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو خانمانەی کە لەگەڵ ژینادا دەستگیرکرابوون ئامادەبین و ئێمەش پرسیاریان لێبکەین. لە کاتێکدا بە پێی یاسای ئێران ئەو کردەوانە دەبێت بە ئامادەبوونی دایک و باوکی کەسەکان یان پارێزەرەکانیان بێت."

تا ئێستا یەک بەرپرسی ئێرانی لەسەر کوشتنی ئەمینی و سەدان خۆپیشاندەری سەر شەقامەکان بەرپرسیار نەکراون.

ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ڕێبەری باڵای وڵاتەکە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 22 هەزار کەس داوە کە لە میانەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی پاش مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر کراون.

ساڵح نیک بەخت لەسەر ئەم بابەتە گوتی " لەوانەی کە دۆسێیەکانیان لەلای ئێمە بوون، چەند کەسێکیان ئازاد کراون بەڵام ئەوانەی کە بە تۆمەتی شەڕکردنی لەگەڵ خوا(موحارەبە)، یان شەڕکردنی دژی کۆماری ئیسلامی (بەغی) دەستگیرکراون ئازاد نەبوون."

مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە 16 ی مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ دەستگیرکرابوو، بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران. ئەو خۆپیشاندانانەی بە شۆرشی ژینا ناسران بوون بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ڕژێمی ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژران لە ناویاندا ئەندامانی پۆلیسیش بە هەزاران کەس برینداربوون و بە دەیان هەزار کەسیش دەسگیرکران.

XS
SM
MD
LG