Accessibility links

ڕاپۆرتی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆمافەکانی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە


نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران کە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئەو وڵاتە ڕوویانداوە، بڵاو کردوەتەوە.

جاوید ڕەحمان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان بە هێنانەوەی بەڵگەکان لەسەر گرتن و ئێعدام، دادگاییکردنی نمایشی، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ خۆپیشاندەران داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانکردوە واز لەو ڕەفتارانە بێنن.

ڕاپۆرتەکە کە لە 20 لاپەڕە پێکهاتوە، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە لە نێوان 16ی مانگی 9وە، واتە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە تاکو 31ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لە خۆ دەگرێت.

ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان بە ئاماژەدان بە چۆنییەتی دەستبەسەرکردن و گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نووسیوێتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار داواکاریی خێزانی ژینا ئەمینیان سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ڕەتکردوەتەوە و تەنانەت مافی دەستڕاگەیشتنیان بە راپۆرتی پشکنینی پزشکی دادوەری پێنەدراوە و هەڕەشە و فشاریان خراوەتە سەر.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، لەوانەش فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسدارانی و هەروەها سەرچاوە سەربەخۆکانی دیکە ئاماژەیان بە ئەو هەواڵانە کردووە کە ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بە توندی لێی دراوە و گیانلەدەستدانەکەشی بە هۆی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی پۆلیسەوە بووە لە کاتی دەستبەسەربوویندا.

بە پێ ڕاپۆرتەکە لە ماوەی خۆپیشاندانانەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژیان تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، لانیکەم 476 کەس بە هۆی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە کە لەو ژمارەیە 64 کەسیان منداڵ و 34 کەسیشان ژن بوون. سەدان خۆپیشاندەریش بە سەختی بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، زیاتر لە 18 هەزار کەس کە ناسنامەی 2942 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاکو کۆتایی مانگی دوانزە دەستگیرکراون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە پڕۆسەی نادادپەروەرانەی دادگاکان هاتوە کە بەهۆی نەبوونی شەفافیەتی حکومەت، ژمارەی وردی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یان ڕووبەڕووی تۆمەتێک بوونەتەوە کە دەکرێت سزای لەسێدارەدانیان لەسەر بێت، تا ئێستا نادیارە، بەڵام لانیکەم تا کۆتایی ساڵ، 17 کەس بە تۆمەتی موحاریبە، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و 100کەسی دیکەش مەترسی ئەوەیان لەسەر بووە کە ڕووبەڕووی تۆمەتێک ببنەوە کە ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانیان تێدا بێت.

جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا نیگەرانی خۆی لەمەڕ بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان دژی ژنان و کچان، لەوانەش حاڵەتەکانی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی و سەرکوتی توندی کەمایەتییە ئایینییەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بەتایبەت بەلووچ و کورد خستوەتە ڕوو و نووسیوێتی زیاتر لە نیوەی کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تاکو کۆتایی ساڵی ڕابردوو کوژراون، خەڵکی بەلووچ و کوردەکان بوون.

ڕاپۆرتەکە نووسیوێتی سەرکوتکارییەکان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی ناوچەکانی باشووری پارێزگای ئازەربایجان غەربی، پارێزگای کوردستان و پارێزگای کرماشان زۆر تووندتر بووە و لانیکەم 125 خۆپیشاندەری کورد کە 13یان منداڵ و 8یان ژن بوون، بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کۆژراون.

جاوید ڕەحمان بە تایبەتی نیگەرانی خۆی لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزی سەربازی قورس لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و جوانڕۆ لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا دەربڕیوە و نووسیوێتی هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و کوێرانە تەقەیان لە خۆپیشاندەران، ماڵی خەڵکی مەدەنی، زانکۆ و قوتابخانەکان کردووە، بە تایبەت لە شاری مەهاباد، جوانڕۆ و سنە و ئەمەش بووەتە هۆی کوشتنی دەیان کەس.

ڕاپۆرتەکە هەروەها بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی کوردستانی ئێران نووسێوەێتی لەو هێرشانەدا کە لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدراوە، لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون و سەدان خێزان ئاوارەبوون. هەروەها لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر بارەگای حزبەکان لە کۆیە لەو ماوەیەدا، سوپای پاسداران لە قوتابخانەیەک لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان دەدات کە بەو هۆیەوە ژنێکی دووگیان و منداڵەکەی گیان بەخت دەکەن.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات کە بەرپرسیارێتی تەواو لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا قبوڵ بکات و ڕێوشوێنی چاکسازی دەستبەجێ بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەن، ورد، کاریگەر، باوەڕپێکراو و شەفاف لە مردنەکەی ئەنجام بدات و دڵنیابێت لەوەی کە هەموو تاوانبارانی بەرپرسیار لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هەروەها داوای ئازادی دەستبەجێی هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون و سزادراون دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

جاوید ڕەحمان هەروەها داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات کە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە سزاکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، کاریگەریی فراوان و کردەیییان دەبێت و بە خێرایی و کاریگەرانە جێبەجێ بکرێن بۆ کەمکردنەوەی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.

ناوبراو لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە ئاستی سەرکوتکردن و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەوانەش کوشتن و زیندانیکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی لە ئاستێکدایە لە ئێران کە دەکرێت وەک تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی تاوانەکانی دژی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەم بدرێن.

ئەم ڕاپۆرتەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بڕیارە تا چەند ڕۆژێکی دیکە لە لایەن جاوید ڕەحمانەوە لە پەنجاو دووهەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکاندا پێشکەش بکرێت.

XS
SM
MD
LG