Accessibility links

کۆشکی سپی: ڕاپۆرتەکانی ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانە لە ئێران مایەی نیگەرانین


جۆن کیربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ڕاپۆرتەکانی ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانە لە ئێران "مایەی نیگەرانی قووڵن" و جیهان دەبێت هۆکاری نەخۆشییەکان بزانێت.

سەدان کچی ئێرانی لە قوتابخانە جیاجیاکان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تووشی هێرشی "ژەهراوی سووک" بوون، بە وتەی وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە، هەندێک لە سیاسەتمەداران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕەنگە لەلایەن گرووپە ئایینیەکانی دژبەری پەروەردەی کچانەوە کرابنە ئامانج.

لە کۆتایی مانگی یازدەوە، سەدان حاڵەتی ژەهراویبوون لە نێوان کچانی خوێندنگادا بە شێوەیەکی سەرەکی لە قوم، باشووری تاران، ڕوویداوە کە ژمارەیەکیان پێویستیان بە چارەسەری لە نەخۆشخانە هەبووە.

جێگری وەزیری تەندروستی، یونس پەناهی، ڕۆژی یەکشەممە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتڕاستی کردەوە کە ژەهراویبوونەکان بە ئەنقەست کراون.

ئاژانسی هەواڵی IRNA لە زاری پەناهی بڵاویکردەوە، "دوای ژەهراویبوونی چەند خوێندکارێک لە خوێندنگاکانی قوم، دەرکەوت کە هەندێک کەس دەیانویست هەموو قوتابخانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کچان، دابخرێن."

هیچ وردەکارییەکی لەوباریەوە نەدا کە ئایا هەتا ئێستا هیچ کەسێک لەو دۆسێیەدا دەستگیر کراوە یان نا.

هاوکات هەفتەی رابردوو داواکاری گشتی ئێران محەمەد جەعفەر مۆنتەزەری فەرمانی لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری لە بارەی ڕووداوەکانەوە دەرکرد.

ئەو ژەهراویبوونانە لە کاتێکدایە کە ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16 ی 9ی 2022 وەوە کە لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە گوایە بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەسگیرکرابوو، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆری گشتی بووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG