Accessibility links

دەسەڵاتی دادوەری ئێران: ئەو ژنانەی پێشێلکاری لە یاسای حیجاب دەکەن، سزا دەدرێن


ئاژانسی دەنگوباسی IRNA ی دەوڵەتی ئێران دەڵێت غوڵامحسێن موحسینی ئژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندووە ئەو ژنانەی کە پێشێلکاری لە یاسای حیجابی زۆرەملێدا دەکەن سزا دەدرێن، ئەمەش پاش چەند مانگێک لە نائارامی کە سەرکوتکردنی کوشندەی لێکەوتەوە.

ئژەیی گوتیشی " لابردنی حیجابی کەسێک هاوتایە لەگەڵ نیشاندانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و بەهاکانی. ئەو کەسانەی کە دەستیان هەیە لە کردەوەیەکی نایاسایی لەم جۆرەدا ئەوا سزا دەدرێن."

گوتیشی " بە هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکار، دەسەڵاتداران هەموو ئامرازەکان بەکاردەهێنن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوکەسانەی کە هاوکاری دوژمن دەکەن و ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن کە زیان بە فەرمانی گشتی دەگەیەنێت."

مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو، لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ دەستگیرکرابوو، بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران. ئەو خۆپیشاندانانەی بە شۆرشی ژینا ناسران بوون بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ڕژێمی ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

لەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس کوژران لە ناویاندا ئەندامانی پۆلیسیش بە هەزاران کەس برینداربوون و بە دەیان هەزار کەسیش دەسگیرکران.

XS
SM
MD
LG