Accessibility links

کەسایەتییە جیهانییەکان داوای پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکەن


سەدان کەسایەتی جیهانی لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵەوە تاوەکو ئەکتەرەکان داوایەکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تیایدا داوای پشتیوانییەکی " بەردەوامییان " کرد بۆ خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان کە دژی سەرکوتکارییەکانی حکومەتی وڵاتەکە ناڕەزایی دەردەبڕن.

لە مانگی نۆدا بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا خۆپیشاندانەکانی ئێران سەریانهەڵدا.

بەڵام خۆپیشاندانەکان بە خێرایی پەرەیان سەند بۆ جووڵانەوەیەک و تیایدا داوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئێرانییان کرد کە لە ساڵی 1979 ەوە حوکمی ئێران دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا کە گروپی مافەکانی ئەنجومەنی ئازادی لە ئەمەریکا بڵاویکردەوە دەڵێت " سەرکەوتنی خۆپیشاندەران مانای ڕزگاربوونیان دەبێت لە ڕژێمێک کە هەڵبژاردنی ئازاد و ئازادی ڕادەربڕین و پڕۆسەی یاسا و سەربەخۆیی تاک لە بڕیاردان لەسەر بابەتە سادەکانی وەکو هەڵبژاردنی پۆشاکی خۆیان ڕەت دەکاتەوە."

ئەنجومەنەکە وتی بەیاننامەکە لەلایەن نزیکەی 480 کەسایەتی جیهانەوە واژۆ کراوە، دیارترین کەسایەتییەکان بریتین لە براوەی خەڵاتی نۆبڵ سڤیتلانا ئالێکسیڤیچ و وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا هیلاری کلینتن و ڕیچارد گیێری ئەکتەر.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " کۆتایی سیستمی ژنکوژی کۆماری ئیسلامی دەبێتە نیشانەیەکی جیهانی لە ڕێپێوانە مەودا درێژەکەدا بەرەو جیهانێک کە ئافرەتان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. خۆپیشاندەران شایستەی پشتیوانییەکی بەردەوامن لەلایەن خەڵکانی ئازادیخوازی سەرانسەری جیهانەوە."

ئێرانییەکان خۆڕاگر بوون لەبەردەم سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەدا، کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ئێستا چوار کەسیان بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە سێدارە داوە و لانیکەم 14,000 کەسی دیکەش دەستگیرکراون. سەدان کەسی دیکەش کوژراون.

ئەو کەسایەتییە ئێرانییانەی کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە بریتین لە دیارترین کەسایەتییە دەربەدەرەکانی وڵاتەکە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان دەکەن، لەوانەش مەسی عەلینەژاد کە لە ئەمەریکا دەژی و گۆلشیفتە فەرەحانی ئەکتەر کە لە فەڕەنسا دەژی و یاریزانی تۆپی پێ عەلی کەریمی و کوڕەکەی شا ڕەزا پەهلاڤی.

بەیاننامەکە داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات سزا بەسەر سەرجەم ئەو بەرپرسانەی ئێراندا بسەپێنن کە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکارییەکاندا، لەوانەش ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، هەروەها داواشییان کرد سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی بناسێندرێت.

وتیشی " بەرپرسانی حکومەتە دیموکراتەکان دەبێت پێشوازی لە ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆن بکەن لە کۆبوونەوە بە ئاشکرا ڕاگەیەندراوەکاندا."

سەرۆکی ئەنجومەنی ئازادی مایکڵ ئابرامۆویتر وتی بەیاننامەکە " یەکگرتووییەکی سەرسوڕهێنەری هاوپەیمانێتییەکی بەرفراوانە لە سەرانسەری جیهان و سەرانسەری شەبەنگی سیاسیی و سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگاکاندا."

وتی " جیهان لە پاڵ گەلی ئێراندا دەوەستێت لە کاتێکدا کە ئەوان بەردەوامن لەوەی ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ئازادی خۆیان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG