Accessibility links

دوو گەنجی ئێرانی بەهۆی سەماکردنیان پێکەوە ڕووبەڕووی سزای زیاتر لە 10 ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە


چالاکوانانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، دادگای ئێران حوکمی زیاتر لە 10 ساڵ زیندانی بەسەر ژن و پیاوێکی گەنجدا سەپاندووە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە لە شوێنێکی دیاری تاران وەک هێمایەک بۆ دژایەتی کردنی ڕژێم سەمایان کردووە.

ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیر محەمەد ئەحمەدی دەستگیرانی، کە هەردووکیان تەمەنیان لە سەرەتای بیستەکاندایە، سەرەتای مانگی 11 دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە بە شێوەیەکی ڕۆمانسی لە بەردەم تاوەری ئازادی لە تاران سەمایایان دەکرد، دەستگیرکرابوون.

حەقیقی وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەک بۆ ڕێسا توندەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ژنان سەرپۆشی بەسەرەوە نەبوو، لە کاتێکدا ژنان لە ئێراندا بۆیان نییە لەبەردەم خەڵکدا سەما بکەن.

ئاژانسی هەواڵی هرانا کە پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت و بنکەکەی لە ئەمەریکایە، ڕایگەیاند، دادگایەکی شۆڕش لە تاران سزای 10 ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ هەریەکەیان سەپاندووە، هەروەها قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و چوونەدەرەوەی لە ئێرانیش بەسەریاندا سەپاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو دەزگیرانە کە پێشتر لە تاران وەک بلۆگەری بەناوبانگی ئینستاگرام فۆڵۆوەریان هەبووە، بە تۆمەتەکانی "هاندانی گەندەڵی و لەشفرۆشی گشتی" و هەروەها "کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" سزا دراون.

سزادانی ئەم دوو گەنجە ئێرانییە ناڕەزایەتی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە.

ڕۆژنامەوان و چالاکوانی بەناوبانگی ئێرانی مەسیح عەلی نژاد لە تویتێکدا گرتە ڤیدیۆیی سەماکەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت " بە تاوانی سەماکردن ئەم دوو گەنجە ئێرانییە سزای 10 و 6 مانگ زیندانیکردن دران."

خاتوو عەلی نژاد کە بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا کاردەکات و لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەوڵی ڕفاندن و کوشتنی دراوە، لە تویتەکەیدا دەشڵێت" ئەوان شایانی ئەو جۆرە دڕندایەتییە نین."

مەریەم موقەدەم ڕۆژنامەوان لە ئێران ئینتەرناشناڵ لە تویتێکدا دەڵێت "بۆ دەستگیرکردنی ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیر محەمەد ئەحمەدی، تەواوی ئەفسەرانی جلوبەرگی ئاسایی (لباس شخسی) ڕەوانە کرابوون، دوو منداڵی تەمەن 20 ساڵانیان بە لێدان و قۆڵبەست و چاوبەستەوە برد، هەریەکەیان بەهۆی "سەماکردن لە شەقام" بۆ ماوەی 10 ساڵ و نیو سزای زیندانیکردن دران. نە ڕێگەیان بە پارێزەر دا و نە تانەشیان لە بڕیارەکە پەسەند کرد."

هرانا لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەکانیانەوە ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دانیشتنی دادگادا مافی پارێزەریان پێنەدراوە لە کاتێکدا داواکارییەکان بۆ ئازادکردنیان بە کەفالەت ڕەتکراوەتەوە.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئێستا حەقیقی لە زیندانە بەدناوەکەی قەرچەک بۆ ژنان لە دەرەوەی تاراندایە کە بە بەردەوامی بارودۆخی ژنا لەو زیندانەدا لەلایەن چالاکوانانەوە ئیدانە دەکرێت.

لە پاش خۆپیشاندانەکانی کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردووەوە سەری هەڵدا لە کاتێکدا بەهۆی گوایە پێشێلکردنی ڕێساکانی حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەر کرابوو، دەسەڵاتدارانی ئێران بە توندی هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکیان سەرکوت کردووە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم 14 هەزار کەس دەستگیرکراون، لە کەسایەتییە ناودارەکان و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەرانەوە بگرە تا کەسانی ئاسایی کە بەشدارییان لە خۆپیشانداندا کردووە.

ڕێکخراوەکانی هرانا دواین ئاماری قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی پاش 16 ی 9 ی 2022 ی ڕۆژی دووشەممە بڵاو کردەوە کە تیایدا ژمارەی دەستگیرکراوەکانی بە زیاتر لە 19 هەزار کەس ڕاگەیاندووە.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG