Accessibility links

ئێران دەڵێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی واتسئاپ و ئینستاگرام بە بلۆککراوی دەمێننەوە


ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو واتسئاپ و ئینستاگرام لە وڵاتەکەدا بە بلۆککراوی دەمێننەوە و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانی بە هۆکاری وروژاندنی ئەو ناڕەزایەتییانە دانا کە زیاتر لە چوار مانگ لەمەوبەرەوە دەستیانپێکرد.

لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 نۆی 2022 وە لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکار بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی سەرانسەری ئێرانی گرتەوەو خۆپیشاندانەکان بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە.

ڕەئیسی ئێوارەی سێشەممە لە وتارێکیدا کە لە تەلەفزیۆنی نیشتمانی بڵاوکرایەوە، ئەو دوو پلاتفۆرمەی کە سەر بە کۆمپانیای مێتای ئەمەریکان تۆمەتبارکرد و گوتی " ڕەگ و ڕیشەی نائارامی وڵات بوون لە کاتی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەدا."

سەرۆکی ئێران گوتیشی " ئەو دوو پلاتفۆرمە تەنها لە کاتێکدا ڕێگەی کارکردنیان پێدەدرێت کە نوێنەرێکی یاساییان لە وڵاتەکەدا هەبێت کە بەرپرسیاربێت بەرامبەر بە چالاکییەکانی بەکارهێنەرانیان."

عیسا زاریپوور، وەزیری پەیوەندییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بەردەوامی بلۆککردنی واتسئاپ و ئینستاگرام لەلایەن "ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی پەرلەمان" پەسەندکراوە.

ئەو خزمەتگوزارییە ئۆنلاینانە زۆرترین بەکارهێنەریان لە ئێراندا هەبووە، دوای ئەوەی پێشتر دەسەڵاتداران ڕێگرییان لە دەستڕاگەیشتن بە فەیسبووک، تویتەر، یوتیوب، تێلێگرام و تیک تۆک کردبوو.

ڕەئیسی هەروەها ڕایگەیاندووە کە "بە ڕێبەرانی وڵاتەکەی وتووە پچڕانی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی ناڕەزایی" لە نێو دانیشتوانی ئێراندا کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە وڵاتێکی کە پەیوەندیەکی زۆری هەیە.

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی پێشووی حکومەتی ئێران لە کۆتایی مانگی ڕابردوو هۆشداری دا کە چالاکییەکانی "نزیکەی سێ ملیۆن کۆمپانیا و کاری 12 ملیۆن کەس" پەیوەستە بە ئینتەرنێتەوە لە ئێران.

تەنانەت پێش ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەش، لە ئێراندا ئینتەرنێت سنووردار کرابوو و زۆربەی ماڵپەڕە بیانییەکان تەنیا لە ڕێگەی تۆڕە تایبەتە ئۆنلاینەکانەوە دەتوانرا بکرێتەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG