Accessibility links

دادگای باڵای تورکیا داواکاری هەدەپە بۆ دواخستی دادگاییەکەی ڕەت دەکاتەوە


میدیای دەوڵەتی تورکیا ڕادەگەیەنێت دادگای باڵای تورکیا داواکاریی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە کوردەکانی بۆ دواخستنی دادگاییکردنێک کە دەشێت تیایدا پارتەکە قەدەغە بکرێت، بۆ دوای هەڵبژاردنی مانگی 5 ڕەتکرووەتەوە.

ئەم بڕیارەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگا، ئەگەری قەدەغەکردنی سێهەم گەورەترین پارتی سیاسی تورکیا بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا لە 14 ی مانگی پێنجدا زیاتر دەکات.

حکومەتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە مانگی سێی ساڵی 2021ەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەدات، بەهۆی ئەوەی گوایە هەدەپە پەیوەندی هەیە بە پەکەکەوە.

هەدەپە دەڵێت بەهۆی هەڵوێستەکانی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کورد و بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکردنی فراوانی حکومەت دژ بە ئازادییە سیاسییەکان و ناڕەزایەتییەکان، کراوە بە ئامانج.

هەدەپە لەم مانگەدا داوای لە دادگا کرد بڕیارەکەی دوابخات بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.

میدیای دەوڵەتی تورکیا بڵاویانکردەوە، دادگاکە ڕەتیکردۆتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی NTV بڵاویکردەوە، پارتەکە لە 14ی مانگی سێدا بەرگریکردن لە خۆی پێشکەش دەکات و هیچ وادەیەکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ ئەوەی بۆ بڕیاری دادگا لەسەری.

لە سەرەتای ئەم ساڵ دادای باڵای تورکیا بڕیاری بلۆککردنی هەماری بانکی هەدەپەی دا و هاریکارییەکانی ئەو پارتە سیاسییەی لە گەنجینەی وڵاتدا بڕی ئەمەش هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتەکەی خستە مەترسییەوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2018 دا %12 ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و خاوەنی 56 کورسییە لە پەرلەمانی 579 کورسیدا.

هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە دەشێت بژاردەی هەڵبژاردنی ملیۆنان دەنگدەری کورد سنووردار بکات و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوادا زیاتر ئاڵۆز بکات.

بەڵام ئەردۆغان هەدەپە بە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەناسێنێت، کە لەلایەن ئەنقەرە و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت.

XS
SM
MD
LG