Accessibility links

پاپا فرانسس لە بەرامبەر لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران بێدەنگی دەشکێنێت


پاپا فرانسس ڕۆژی دووشەممە لە وتاری نەریتی ساڵی نوێیدا بۆ دیپلۆماتان، بۆ یەکەم جار لەسێدارەدانەکانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزار کرد و شەڕی ئۆکرانیاشی بە " شەڕێک دژ بە خودا و مرۆڤایەتی" ناودێر کرد.

پاپا ئەم قسەیەی لە وتارێکدا بۆ دیپلۆماتانی باوەڕپێکراو لە ڤاتیکان کرد، تێڕوانینێکی گشتی خۆی لە سەرەتای ساڵی نوێدا ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی نافەرمی بە وتاری "دۆخی جیهان" ناسراوە.

پاپا لەو وتارەیدا ئیدانەکردنی منداڵ لەباربردنی دووپاتکردەوە و داوای کرد " بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ئەرکی سیاسییان هەیە، هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی مافەکانی ئەانەی کە لاوازترینن." جارێکی تریش پاپا هۆشداری لەمەڕ هەڕەشەی شەڕی ناوکی ڕاگەیاندەوە.

نوێترین شتی وتارەکەی پاپا لە هۆڵی خێرخوازی ڤاتیکان، شکاندنی بێدەنگی بوو بەرامبەر نائارامییەکانی سەرانسەری ئێران کە بەهۆی مەرگی کچە کورد ژینا ئەمینی لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکرابوو، لە 16 یامانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە دەستیانپێکردووە.

پاپای ڤاتیکان گوتی " مافی ژیان لە هەموو ئەو شوێنانەی کە هێشتا سزای لە سێدارەدانیان تێدا جێبەجێ دەکرێت، لە مەترسیدایە، وەک ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە ئێران دەگوزەرێت، دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە بۆ داوای ڕێزگرتنی زیاتر لە کەرامەتی ژنان".

لەوەتای دەستپێکردنی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییانە لە ئێران، 4 خۆپیشاندەر لەسێدارە دراون و ژمارەیەکی تریش سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرنەوە بەسەدا سەپێندراوە.

پاپا فرانسس، سەرۆکی کاتۆلیکەکانی جیهان گوتیشی " سزای لەسێدارەدان ناتوانرێت بۆ ئەو دادپەروەرییە بەکاربهێنرێت کە دەوڵەت داوای دەکات، چونکە نە ڕێگری دەکات و نە دادپەروەری بۆ قوربانییەکان دەگەیەنێت، بەڵکو تەنها تینوێتی بۆ تۆڵەسەندنەوە زیاد دەکات."

پاپا فرانسیس لە درێژەی قسەکانیدا داوای کۆتایهێنانی بە سزای مەرگ لە سەرانسەری جیهاندا کرد گوتی ئەم سزایە "هەمیشە ناپەسەندە، چونکە هێرش دەکاتە سەر پاکیزەیی و کەرامەتی کەسەکە".

فرانسس داوای ڕێزگرتنی لە مافەکانی ژنانیش کرد و گوتی هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان بە هاووڵاتی پلە دوو دادەنرێن، تووشی توندوتیژی و سوکایەتی دەبنەوە " ئەمە مایەی قبوڵکردن نییە کە بەشێک لە خەڵکی لە خوێندن بێبەشبکرێن، وەک ئەوەی لەگەڵ ژنانی ئەفغانستاندا ڕوودەدات."

فرانسس لە وتارە هەشت پەڕەیەکەیدا کە بە زمانی ئیتالی پێشکەشی کرد جگە بابەتی شەڕی ئۆکرانیا باسی لە ململانێی ناوکیش کرد و بە ئاماژەدان بە قەیرانی موشەکی کوبا لە ساڵی 1962 گوتی " بەداخەوە، ئەمڕۆش هەڕەشەی ناوکی زیادی کردووە و جارێکی تر جیهان هەست بە ترس و ناڕەحەتی دەکات."

پاپا داواکاری خۆی دووپاتکردەوە بۆ قەدەغەکردنی تەواوی چەکە ناوکییەکان و گوتی تەنانەت هەڵگرتنیان بە هۆکاری ڕێگریکردنیش "نائەخلاقییە".

زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگریاوە.

XS
SM
MD
LG