Accessibility links

میدیای فەرمی سوریا: لە هێرشیکدا دە کرێکاری کێڵگە نەوتییەکان کوژران


هێزەکانی سوریای دیموکرات
هێزەکانی سوریای دیموکرات

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا لە سوریا ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە، بە هۆی هێرشێک لە ڕۆژهەڵاتی سوریا 10 کرێکاری کێڵگەی نەوتی کوژران، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کوردەکانی سوریا هێرشیان بۆ سەر چەکدارانی داعش ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سانا، جگە لە نزیکەی دەیان کوژراو، "دوو کەسی دیکە لە هێرشێکی تیرۆریستیدا برینداربوون کە سێ پاسی گواستنەوەی کرێکارانی کێڵگەی نەوتی ئەلتەعیم لە دێر ئەلزوور"ی کردە ئامانج.

سانا هیچ زانیارییەکی نە خستە بەردەست لەبارەی چۆنیەتی هێرشەکە لە ناوچەی ژێر دەستی کوردەکان و ڕەنگە کێ لە پشتیەوە بۆبێت، بەڵام چاودێرێکی شەڕ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە ڕایگەیاندووە، "شانەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی" هێرشەکەیان لە نزیک کێڵگە نەوتییەکە ئەنجامداوە."

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "هێرشەکە بە تەقەمەنی دەستیپێکرد کە لەگەڵ تێپەڕبوونی پاسەکاندا تەقینەوە، دواتر چەکدارانی گروپەکە تەقەیان لێکردن".

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد ڕایانگەیاند، دەستیان بە هێرشکردنە سەر چەکدارانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر داعش هێرشیان کردە سەر زیندانێکی شاری ڕەقە، کە لە باکووری ڕۆژئاوای هێرشەکەی سەر پاسەکە بوو.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، هێرشەکە کە ناوی "ئۆپەراسیۆنی ڕەشەبای جەزیرە"ی لێنراوە، ئامانجی "نەهێشتنی" چەکدارانی داعش بووە لەو ناوچانەی کە "سەرچاوەی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە" بوون.

هەروەها ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە شانبەشانی ئەو هاوپەیمانییە ئەنجام دەدەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەرچەندە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی دەستبەجێ لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە نەبووە کە بەشداری دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هاتووە، جگە لە هێرشە پووچەڵکراوەکەی ڕەقە، چەکدارانی داعش لەم دواییانەدا هەشت هێرشیان لە ناوچەی دێر ئەلزوور و حەسەکە و کەمپی ئەلهۆڵ بۆ ئاوارەکان ئەنجامداوە، کە ئەندامانی بنەماڵەی چەکدارانی داعشی تێدایە.

ڕۆژی دووشەممە، 6 چەکداری کورد کوژران، کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر کامپێک لە شاری ڕەقە کە پایتەختی پێشووی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) بوو لە سوریا، لە هەوڵێکدا بۆ ئازادکردنی چەکدارەکانی خۆیان کە لەوێ زیندانی کراون.

بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، داعش ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدات هێرشی زیاترئەنجام بدات و سود لە دۆخەکە وەربگرێت.

داعش بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشەکانی لە عێراق و سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بەردەوامن.

ڕێکخراوی داعش ڕایگەیاند، هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بۆ سەر ڕەقە بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی "زیندانی موسڵمانان" و ژنە کەسوکاری داعش دانیشتووی ئۆردوگای ئەلهۆڵ بووە.

ئەمە بەرچاوترین هێرشی داعش بوو بۆ سەر زیندانێک لەو کاتەوەی چەکدارانی گەورەترین هێرشیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە مانگی یەکدا دەست پێکرد، کاتێک هێرشیان کردە سەر زیندانی غوێران لە شاری حەسەکە کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندایە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG