Accessibility links

ئەمەریکا بودجەیەکی تایبەت تەرخان دەکات بۆ سزدانی ئەو کەسانەی کە کار بۆ حکومەتی ئێران دەکەن بۆ ئازاردانی خەڵکی


پڕۆژە یاسای خەرجکردنی یەک تریلیۆن و حەوت ملیار دۆلاری کە کۆنگرێسی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو پەسەندی کرد، بریتییە لە ڕێوشوێنێکیش کە داوای بەرپرسیارکردنی ئەو کەسانە دەکات کار بۆ حکومەتی ئێران دەکەن یان لەبری حکومەتی ئێران کاردەکەن بۆ هەراسانکردن و چاودێریکردنی هاووڵاتیانی ئێرانی.

یاسای بەناوی هەراسانکردن و بەئامانجگردنی نایاسایی، مەسیح عەلینەژاد، بە ناوی پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا و ڕەخنەگرێکی حکومەتی ئێرانەوە ناونراوە کە هەوڵی ڕفاندن و بردنەوەی بۆ ئێران درا.

مەسیح عەلینژاد لە هەژماری فەرمی تویتەریدا ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ یاسادانەرانی ئەمەریکا یاسایەکیان بە ناوی منەوە پەسەند کرد بۆ لێپێچینەوە لە تاوانبارانی منداڵکوژی ژنکوژی کۆماری ئیسلامی. ئەوەی جێگای سەرنجە، یاسادانەرانی وڵاتەکەی خۆم ئێران، لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی نوێنەران، لە پەرلەمان دەریانکردم."

لە یاساکەدا هاتووە " کۆنگرێس بۆی دەرکەوتووە، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە ئێران دەکەن و ئەو قەوارە و کەسە بێتاوانانەی کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە دوژمنی ڕژێم دادەنرێن لە ناویاندا هاووڵاتیانی ئەمەریکاییش لە نێو خاکی ئەمەریکا، چاودێری دەکات، هەراسان دەکات، دەیانتۆقێنێت، ئەشکەنجەیان دەدات، دەیانڕفێنێت و دەیانکوژێت و هاووڵاتیانی بیانی بە بارمتە دەگرێت."

ئەم ڕێوشوێنەش داوا لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات کە ڕاپۆرتێک ئامادە بکات و بە وردی باسی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا بکات، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا حکومەتی ئێران چ هەنگاوێکی ناوە بۆ بە ئامانجگرتنی جودابیران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا و چۆنیەتی دابینکردنی پارە بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانی.

ئەم ڕاپۆرتە کە پێویستە ساڵانە نوێ بکرێتەوە، دەبێت ئەو کەسانەی تیادا دەستنیشان بکرێت کە کار بۆ حکومەتی ئێران دەکەن و دەستیان هەیە لە هەراسانکردن، چاودێریکردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتیانی ئێرانی و ئەمەریکایی ئەوانەی کە هەوڵی ئاشکراکردنی گەندەڵی و کردارە نایاساییەکانی کاربەدەستانی ئێرانی دەدەن.

ئەو کەسانەی کە سزاکان دەیانگرێتەوە ناتوانن بێنە نێو ئەمەریکاوە، ڤیسزاکانی کە هەیانە هەڵدەوەشێنرێتەوە و موڵک و ماڵیشیان لە ئەمەریکا بلۆک دەکرێت.

دامەزراوە داراییە بیانییەکانیش ئەگەر بە ئاگاداری خۆیان مامەڵەیەکی بەرچاوی داراییان لەگەڵدا بکەن ئەوانیش سزاکان دەیانگرێتەوە.

لە مانگی حەوتی ساڵی 2021 کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند لە برۆکڵنی نیویۆک پیلانێک بۆ ڕفاندنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ مەسیح عەلینژاد دارێژرابوو کە بە پێی ڕاگەیاندنی ئەو کاتەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەم پیلانە لەلایەن ئێرانەوە داڕێژرابوو.

XS
SM
MD
LG