Accessibility links

ژیلا موستەئجر: لە ماوەی زیاتر لە 100 ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا 126 کورد کوژراون


پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 سەریانهەڵدا، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت بەلایەنی کەم 100 کەس ڕووبەڕووی لەسێدارەدان یان سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت بەلایەنی کەم 476 خۆپیشاندەر لە ناویاندا 64 منداڵ و 34 ژن لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کوژراون.

ڕێکخراوەکانی کە تیشکیان لەسەر ناوچە کوردییەکانی ئێرانە دەڵێن سەرکوتکارییەکان لە کوردستانی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تردا زیاترە.

ئەندامێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەتا ئێستا 126 کورد لە ماوەی زیاتر لەم 100 ڕۆژەدا کوژراون.

ژیلا موستەئجر ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ
ژیلا موستەئجر ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ

ژیلا موستەئجر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەم ژمارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە بریتین لە تەواوی ئەو کوردانەی کە لە سەرانسەری ئێراندا گیانیان لەدەستداوە گوتی " بۆ نمونە چەندین کورد هەبوون کە لە شارەکانی تاران، کەرەج قەزوێن لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ تەواوی شارەکانی کوردستانی ئێران، بە گشتی 126 ناو بۆ ئێمە پشتڕاست بووەتەوە کە 10 کەس لەمانە پاش دەستبەسەرکردنیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە."

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردووەتەوە دەشڵێت ئەو ئامارانەی کە بڵاو کراونەتەوە " کەمترینە بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی خێزانەکان لە ژێر فشارێکی زۆردان تا بێدەنگ بن."

خانم موستەئجر دەڵێت لەگەڵ ئەو فشارانەی کە لەسەر بنەماڵەکان هەیە " هێشتا خەڵکی هیوایەکی زۆریان بەم شۆڕشە ماوە."

ئەو ناڕەزایەتییانەی لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە ئێراندا هاتە ئاراوە بە " شۆڕشی ژینا" ناسراوە.

ئەم ناڕەزایەتییانە جگە لەوەی بەشێکی بەهۆی نەبوونی ئازادییەکانەوە سەریهەڵدا، بەڵام بەشێکی زۆری بەهۆی خراپی گوزارەنی و باری ئابوری خەڵکی و خراپ بەڕیوەبردنی دەوڵەت تەشەنەی سەند. چالاکوانە کوردەکانی ئێران پێشتریش هەمیشە ئاماژەیان بەوە دەکرد کە حکومەتی ئێران بە تەواوەی ناوچە کوردییەکانی لە ڕووی ئابورییەوە پشتگوێ خستووە و خەڵکەکە فشارێکی زیاتری ئابوریان لەسەرە.

ژیلا موستەئجر دەڵێت لە ئێستادا ئەو فشارانە زیاتریش بوون " لە دوای ئەوەی ئەم شۆڕشە دەستیپێکرد، ناوچەکانی کوردسانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ملیتاریزە کراوە، ئابڵوقەیەکی ئابوری زۆر توندیش خراوەتە سەری بە شێوەیەک کە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا بەیاننامەیەکی زۆر توندیان بڵاو کردەوە کە دەڵێن کۆماری ئیسلامی خەریکە خەڵکەکە لە برساندا دەکوژێت و ڕێگری هاتوچۆی نێوان شارەکان دەکات."

بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەندین سزای نوێ خراوەتە سەر ئێران لە نوێترینیان لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای نوێی لە دژی کاربەدەستانی ئێران ڕایگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی وڵاتەکەیان. یەک لەو کاربەدەستانە فەرماندەی سوپای پاسدارانە لە کوردستانی ئێران.

لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هەر لەم مانگەدا ئێران لە کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ژنان دەرکرا.

ئێران خۆپیشاندانەکانی ناو وڵاتەکەی بە ئاژاوە گێڕی وەسف دەکات و وڵاتانی نەیاری بە هاندانی ئەو خۆپیشاندانانە تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG