Accessibility links

دوو کەس بە تاوانی کوشتن لە ئێران لەسێدارە دەدرێن


دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی دوو کەسی بە تاوانی کوشتن لە پارێزگای سیستان – بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، لە سێدارە داوە.

ماڵپەڕی هەواڵی میزان ئۆنلاینی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، لە ساڵی2020دا ئیلیاس ڕەئیسی لە ناکۆکییەکی خێزانیدا بە کوشتن تاوانبارکرا، هەروەها ئەیوب ڕیگی بە کوشتنی کەسێک بە بەکارهێنانی چەکی سەربازی لەسەر "ناکۆکی شەخسی" لەگەڵ قوربانییەکەدا تاوانبار کراوە.

ماڵپەڕی میزان لە زاری مێهدی شەمسئابادی، سەرۆکی داواکاری گشتی زاهیدانی پایتەختی پارێزگاکەوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بنەماڵەی قوربانییەکان ڕەتیانکردەوە بە پێی یاسای ئیسلامی لێیان خۆشبن، ئەوان لە ڕۆژی شەممە لەسێدارەدران.

دوایین لەسێدارەدانەکان لە ئێران دوو ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە دەسەڵاتی دادوەری پشتڕاستی کردەوە سێ کەس بە تاوانی دەستدرێژی و دزی چەکداری لە شاری شیرازی باشوری ئێران لەسێدارە دراون.

سەرەتای ئەم مانگە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران دوو پیاوی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی هاتوونەتە ئاراوە، لەسێدارە دا.

مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد تەمەن 23 ساڵ، بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بە چەقۆ، لەلایەن دادگای مەشهەدەوە سزای مەرگی بەسەردا درا و لە 12 ی 12 بە بەرچاوی خەڵکی گشتی لەسێدارە درا. چوار ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی ڕەهنەوەرد موحسین شەکاری تەمەن 23 ساڵ لەسێدارە درا بە تاوانی بریندارکردنی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش.

دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە، تا ئێستا 11 کەس لەسەر ناڕەزایەتییەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەو ژمارەیەش دوو کەسیان لەسێدارە دراون و دوو کەسیش ڕێگەیان پێدراوە دووبارە دادگایی بکرێنەوە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان مەترسی ئەوەیان هەیە دەیان کەسی تر لە کاتێکی نزیکدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت. و دەشڵێن ژمارەیەکی زۆری کەسی کە لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون ئەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕوویان کراوەتەوە دەشێت سزای لەسێدارەدانی لەسەربێت.

ئاژانسی دەنگوباسی هرانا کە پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت نێوی 58 کەسی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت لە مەترسی سزای لەسێدارەداندان.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند سەهەند نورمحەمەد زادە لەلایەن داداگایەکی مەشهەد، لە ئوستانی خوراسان ڕەزڤی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت " ئەو تەمەنی 26 ساڵە. یەكێکە لە بەلایەنی کەم 14 کەسی کە سزای مەرگ بەسەریاندا پشتڕاست کراوەتەوە کە دوانیان سزاکە بەسەریاندا جێبەجێ کراوە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئێران لە دوای چین لە پلەی دووهەمدایە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان و لە ساڵی 2021دا بەلانیکەم 314 کەس لە سێدارە دراون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG