Accessibility links

خوشکی ڕابەری باڵای ئێران سەرکۆنەی فەرمانڕەوایەتییەکەی دەکات و داوا لە پاسداران دەکات چەکەکانیان دابنێن


بەدری خامنەئی و عەلی خامنەئی
بەدری خامنەئی و عەلی خامنەئی

بەپێی نامەیەک کە کوڕەکەی لە فەڕەنساوە بڵاویکردۆتەوە، خوشکێکی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکانی خامنەئی کردووە دژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران و داوای لە سوپای پاسدارانی ئێران کردووە چەکەکانیان دابنێن.

بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێران، وڵاتەکە ڕووبەرووی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری بۆتەوە، هاوکات لە ڕۆژی دووشەممەوە مانگرتنی گشتی لە وڵاتەکەدا ڕاگەیەندراوە.

بەدری حەسەن خامنەئی کە لە ئێران دەژی و خوشکی ئایەتوڵا عەلی خامنەئییە، لە نامەکەیدا ڕەخنەی لە دامەزراندنی دەسەڵاتە ڕۆحانیەکەی ئێران گرتووە لە سەرەتای دەسەڵاتی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینیەوە تاوەکو دەسەڵاتی براکەی. ڕێککەوتی نامەکەش مانگی دوانزەی ساڵی 2022 ە.

بەدری لە نامەکەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە لە هەژماری کوڕەکەیدا لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " پێم وایە ئێستا گونجاوە ڕایبگەیەنم کە دژایەتی کارەکانی براکەم دەکەم و هاوسۆزی خۆم بۆ هەموو ئەو دایکانە دەردەبڕم کە ئێستا بەهۆی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماتەمینیدان، لە سەردەمی خومەینییەوە سەرکۆنەی دەکەم تاوەکو سەردەمی دیکتاتۆری خەلافەتی عەلی خامنەئی."

لە نامەکەدا هاتووە دەڵێت " سوپای پاسدارانی عەلی خامنەئی و بە کرێگیراوەکانی دەبێت بە زووترین کات چەکەکانیان دابنێن و تاوەکو درەنگ نەبووە بچنە پاڵ خەڵکەکە."

ڕۆژی سێشەممە سوپای پاسدارانی ئێران داوای لە دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە کرد " بەزەییان بە تێکدەران و دز و تیرۆریستاندا نەیەتەوە." ئەوەش دەردەیخات کە هیچ نیازێکیان نیە سەرکوتکارییەکانیان دژی خۆپیشاندەران کەم بکەنەوە.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران مەسعود ستایشی وتی پێنج کەس بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی میلیشیای باسیج سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە.

لە مانگی یانزەدا فەریدە مورادخانی کچەزای خامنەئی دوای ئەوەی داوای لە حکومەتەکانی جیهان کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕن، دەستگیرکرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG