Accessibility links

نیگەرانیی لەسەر ئەگەری لەسێدارەدانی هونەرمەندی کورد سامان یاسین زیاد دەکات


سامان یاسین
سامان یاسین

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ئیدانەکردنی جێبەجێکردنی یەکەمین حوکمی لەسێدارەدانی یەکێک لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، هۆشدارییان دا لە مەترسی لەسێدارەدانی زیاتر کە مەترسی لەسەر ژیانی هونەرمەندانی دەستگیرکراو دروست دەکات. موحسن شکاری تەمەن 23 ساڵ لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا بە تۆمەتی " هەڵگیرسانی جەنگ" سزای مەرگی بەسەردا سەپێنداو بەرەبەیانی پێنجشەممەش سزاکە جێبەجێ کرا.

دەستەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیاندا جگەلە ئیدانە کردنی ئەو سزایە مەترسیان لەمەڕ ژیانی هونەرمەندی کورد سامان یاسین دەربڕی.

یاسین لە 2 ی مانگی 10 ی 2022 بەهۆی گۆرانییەکانی کە دەوترێت تیایدا ڕەخنەی لە حکومەت گرتووە، دەستگیر کراوە و بە پێی ڕاپۆرتان سزای مەرگی بەسەردا دراوە.

سەرچاوە هەواڵییەکانی نێو ئێران وەکو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێن لەو کاتەوەی دەستگیرکراوە هەتا ئێستا مافی دەستنیشانکردنی پارێزەری پێنەدراوە.

بە پێی سەرچاوەکان نزیکەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر ئەم گۆرانیبێژە ڕاپە کوردە لە زیندانی ئێوێنەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

ڕۆژی چوارشەممە دایکی سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و تیایدا داوای پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات بۆ کارکردن لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی کورڕەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. لە گرتە ڤیدیۆکەدا دایکی سامان دەپاڕێتەوە بۆ ژیانی کوڕەکەی و دەڵێت کوڕەکەی " هونەرمەندە، ئاژاوەگێڕ نییە."

بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا لانیکەم 40 هونەرمەند، نووسەر، شاعیر، ئەکتەر، سینەماکار و مۆسیقاژەنی ئێرانی دەستبەسەر و زیندانی کراون.

شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەو هونەرمەندانە بە حکومەتی ئێران ڕاگەیاندووە و داوایان لێکردون کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بهێنن.

لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیرکرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێکرد. بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 458 کەس کوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG