Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر کاردارێکی تورک دەسەپێنێت بەهۆی یارمەتیدانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا

کاردارێکی تورک کە وەک باسدەکرێت کەسێکی نزیکی سەرۆکی تورکیایە، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا بە تاوانی سەرپەرشتیکردنی تۆڕێک بۆ یارمەتیدانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە فرۆشتنی نەوت بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار و هەروەها سپیکردنەوەی پارە.

سدقی ئایان
سدقی ئایان

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی سدقی ئایان (Sitki Ayan)، بەڕێوەبەر و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵە کۆمپانیاکانی (ASB) کارئاسانی کردووە بۆ هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێرانی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار، ئەمەش سەرچاوەی داهاتێکی گرنگ بووە بۆ ڕژێمی ئێران و هێزی قودس.


وەزارەتەکە دەڵێت سدقی ئایان تۆڕی کۆمپانیاکانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بە نهێنی نەوتی ئێران هەناردە بکات و بفرۆشێت لە بری هێزی قودسی سوپای پاسداران، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزی قودس، لەوانە بەهنام شەهریاری و ڕۆستەم قاسمی.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات سدقی ئایان لای خۆیەوە گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوتەکەی واژووکردووە لەگەڵ کڕیاراندا لە چین و شوێنی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئیمارات و ئەوروپا. پاشان یارمەتی داوە لە گەیاندنی داهاتی فرۆشتنی نەوتەکە بۆ هێزی قودس.

لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی خەزێنە، ناوی کوڕی سدقی ئایان هاتووە کە ئەویش سزاکان دەیگرێتەوە. دەڵێت بەهادین سدقی ئایان، ئەویش بەرپرسە لە کۆمەڵە کۆمپانیاکانی ASB و بە لایەنی کەم پشکی لە 5 کۆمپانیای گروپەکەدا هەیە. هەروەها قاسم ئۆزتاس Kasim Oztas کە هاوبەش و کەسی نزیکی سدقی ئایانە، ئەویش سزادەدرێت بەو پێیەی ڕۆڵی هەبوو لە ڕەوانەکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران.

پەیوەندی نێوان سدقی ئایان و سەرۆکی تورکیا

ماڵپەڕی پۆڵێتکۆ (politico) بابەتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و لە سەرەتاکەی نووسیویەتی لە 22 ی مانگی سێی ساڵی 2021 ژمارەیەک لە مەترسیدارترین کەسانی جیهان لە هوتێلی سەمەرلاندی سەر دەریای ناوەڕاست لە کەناری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان دابەزین، نەک بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بەڵکو بۆ وتووێژکردن لەگەڵ تورکیا.

دەڵێت کۆبوونەوەکە بە نهێنی کرابوو لە نێوان کاربەدەستانی باڵای حکومەت و لەشکری ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک لە کارداری تورک بە سەرۆکایەتی سدقی ئایان، کەسی نزیک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.

پۆڵێتکۆ دەشڵێت هەموو ئەوانەی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کردبوو دوای ساڵێک ناویان کەوتە لیستی ئەو کەسانەی لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە. تەنیا سدقی ئایان مابووەوە، ئێستا ئەویش ناوی چووە لیستەکەوە.

سەبارەت بە پەیوەندی سدقی ئایان بە سەرۆکی تورکیا، پۆڵێتکۆ نووسیویەتی ، هەردووکیان پێکەوە لە ئامادەیی ئیمام خەتیبی ئستەنبوڵ خوێندوویانە و پاشان پەیوەندییەکانی نێوان لە ژیانی پیشەیی و سیاسی و کارداریی پەرەی سەندووە.

دەڵێت بۆ نمونە بەپێی دۆکۆمێنتی دارایی نهێنی ماڵتا کە European Investigative Collaborations لە ساڵی 2017 ئاشکرای کرد، سدقی ئایان یارمەتی ئەردۆغان و خێزانەکەی داوە لە شاردنەوەی خاوەندارێتی کەشتییەکی بارهەڵگری تایبەت بە نەوت بە ناوی Agdash کە بەهاکەی 25 ملیۆن دۆلارە و کەسێکی دەوڵەمەند ساڵی 2008 بە دیاری پێیانی داوە.

جگە لە پۆڵێتکۆ، پێشتر چەندین میدیا باسیان لە پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و ئایان کردووە، لەوانە جمهوریەتی تورکی ساڵی 2017 بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بە ناوی "سدقی ئایان کێیە؟" . تیایدا نووسراوە، کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە دەڵێت سدقی ئایان ئەو کەسەیە پارەکانی ئەردۆغان بۆ دەرەوەی وڵات دەبات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە بارەی سزاکانی ئەمەریکاوە، ئیمەیڵی بۆ سدقی ئایان کرد و پرسیاری لێکرد، ئەویش لە وەڵامدا وتویەتی "ئێمە داکۆکی لە مافە یاساییەکانمان دەکەین لە بەرامبەر هەر کەسێک."

هەروەها وتویەتی هەرگیز لەگەڵ هیچ کەسێک کاری نەکردووە جگە لە دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی ئێران نەبێت.

ڕۆیتەرز دەڵێت ئەم بڕیارەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە ئاڵۆزبوون بەهۆی کۆمەڵێک بابەت، لەوانە سوریا و کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ڕووسیا.

XS
SM
MD
LG