Accessibility links

 خوشکەزایەکی خامەنەئی: خەڵک ترسیان لەم ڕژێمە نەماوە و چیتر سەرکوتکارییەکانی ڕژێم کاریگەریی نابێت


مەحمود مورادخانی، خوشکەزای عەلی خامەنەئی
مەحمود مورادخانی، خوشکەزای عەلی خامەنەئی

خوشکەزای عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە لێدوانەکەی بەدری خامەنەئی دایکیدا دەڵێت کە ئەمە کەمترین کارە کە دایکی توانیویەتی لەگەڵ خەڵکیدا بیکات و هیوادارە قسەکانی ئەو پیاوە ئاینیانە بهێنێتە دەنگ کە دژی سیستەمی دەسەڵاتی پیاوانی ئینین، بەڵام بێ دەنگن.

مەحمود مورادخانی کوڕی بەدری خامەنەئی و شێخ عەلی تارانی کە لە فەرەنسا نیشتەجێیە، ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی دایکی بە "هاوبەشبوونی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان" وەسف کرد و گوتی، دڵخۆشە بە بینینی ئەوەی خەڵک لە " ئەنجامی چەند دەیەیەکی چالاکی" زیاتر هۆشیار بوونەتەوە.

جەختیشی کردەوە "خەڵک ترسیان لەم ڕژێمە نەماوە و چیتر سەرکوتکارییەکانی ڕژێم کاریگەری نەرێنی لەسەر بزووتنەوەکە نابێت و نابێتە هۆی کەمکردنەوەی بزوتنەوەکە و ئەمەش زۆر گرنگە".

خوشکەزاکەی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سوریش بوو لەسەر ئەوەی کە دژایەتی خێزانەکەی لەگەڵ " کەسێتی عەلی خامەنەئیدا نییە "، ڕایشیگەیاند " کێشەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕژێم بە گشتی بووە. هەر لە چەند مانگی یەکەمی دوای 79 ( دەستپێکی شۆڕشتی ئیسلامی ئێران) وە باوکم گوتی نابێت مەلا حوکم بکات و ئێمە دژی حوکمڕانی ئاینیین. دژی دەسەڵاتی ئاینی و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقین. دایکیشم هەر لەسەرەتاوە وابوو. لەبیرمە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە کاتێک کە براکەی دەبینی، ئەم قسانەی هەر دەکرد و تەنانەت بیرمە ئێمە پەیوەندیمان دەکرد بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکەی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام بە داخەوە عەلی خامەنەئیش وەکو ئەوانی تر وەکو خودی خومەینی گوێینەدەدا و ئەویش تاکە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە بوو لە دەسەڵاتدا."

مەحمود مورادخانی هیوای خواست کە لێدوانەکەی دایکی "کاریگەری ئەرێنی هەبێت" و "سەرکردەکانی ڕێژیم زیاتر هەست بەو مەترسییە بکەن و خۆیان لە مەترسیدا ببینن و ئەوانەشکە بەهۆی کۆمەڵێک بەرژەوەندییەوە بێدەنگ بوون، بێنە دەنگ".

ناوبراو زۆر بە ڕاشکاوانە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "کەسانێکی زۆر هەن، تەنانەت لە بنەماڵە و لەناو پیاوانی ئایینیدا، کە لەگەڵ هەموو سیستمی دەسەڵاتی ئایینیدا هاوڕا نین و پێویستە قسە بکەن. نابێت لە سبەینێ بترسن."

مورادخانی هەروەها ڕایگەیاندووە کە خەڵک بۆ گەیشتن بە "ئازادی و دیموکراسی و ڕزگاربوون لە خراپەی کۆماری ئیسلامی گیان و ماڵی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و لە شەقامەکاندا خەبات دەکەن"، هیوای دەربڕی کە لێدوانەکی دایکی "هاندەر" و "پشتیوانی" بێت بۆیان، بۆ ئەوی لە مێژوودا نەنوسرێتەوە " خوشکی فڵان کەس، هەرچەندە دژی بوو، بەڵام قسەی نەکرد".

ئاماژەی بەوش کرد دایکی کە تەمەنی نزیکەی هەشتا ساڵە لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت لەگەڵ خەڵکیدا بچێتە سەر شەقامەکان بۆیە هەر هیچ نەبێت ویستوویەتی بەم بەیاننامەیە کارێک ئەنجام بدات.

کوڕەکەی بەدری خامەنەئی باسی لەوەش کرد لە پاش ساڵی 2009 وە دایکی هیچ پەیوەندییەکی بە عەلی خامەنەئی برایەوە نەماوە لەبەر ئەوەی " بە فەرمانی خودی خامەنەئی تەقە لە خەڵکی کرا لەسەر شەقامەکان."

لە ساڵی 2009 و پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی مشتومڕلەسەری مەحمود ئەحمەدی نژاد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا، لە سەرانسەری شارە سەرەکییەکانی ئێران پشتیوانانی کاندیدەکانی ئۆپزسیۆن میر حوسەین موسەڤی و مەهدی کەروبی ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەو خۆپیشاندانانەی کە هەتا سالی 2010 بەردەوام بوون بە بزوتنەوەی سەوز یان بەهاری فارسی ناودێر دەکرا. حکومەتی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە 36 کەس لەو خۆپیشاندانانەدا کوژرابوون، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە پشتڕاست نەکراوەکانی تر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە بەلایەنی کەم 72 کەس لەو ناڕەزایەتیانەدا کوژرابوون.

مەحمود مورادخانی، خوشکەزاکەی خامەنەئی بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە دۆسێیەی فەریدە مورادخانی خوشکیشی کرد کە لە ئێستادا لە ئێران لە زینداندایە، گوتی سەرەتا سزاکەی 15 ساڵ بوو بەڵام گۆڕا بۆ پێنج ساڵ. هەرچەندە ئەوەشی گوت " ئەگەر ڕژێم بڕوخێت ئەوا زووتر ئازاد دەکرێت."

لە مانگی یانزەدا فەریدە مورادخانی کچەزای خامنەئی دوای ئەوەی داوای لە حکومەتەکانی جیهان کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕن، دەستگیرکرا.

بەدری حەسەن خامنەئی، خوشکی ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، ڕابەری باڵای ئێڕان، لە نامەکەیدا ڕەخنەی لە دامەزراندنی دەسەڵاتە ڕۆحانیەکەی ئێران گرتووە لە سەرەتای دەسەڵاتی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینیەوە تاوەکو دەسەڵاتی براکەی. ڕێککەوتی نامەکەش مانگی دوازدەی ساڵی 2022 ە.

بەدری لە نامەکەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت " پێم وایە ئێستا گونجاوە ڕایبگەیەنم کە دژایەتی کارەکانی براکەم دەکەم و هاوسۆزی خۆم بۆ هەموو ئەو دایکانە دەردەبڕم کە ئێستا بەهۆی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماتەمینیدان."

لە نامەکەدا هاتووە دەڵێت " سوپای پاسدارانی عەلی خامەنەئی و بە کرێگیراوەکانی دەبێت بە زووترین کات چەکەکانیان دابنێن و تاوەکو درەنگ نەبووە بچنە پاڵ خەڵکەکە."

لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیرکرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێکرد. بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 458 کەس کوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG