Accessibility links

ئێران دەڵێت پێشنیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی دەکرێت قبوڵ بکرێت


ئاژانسی هەواڵی حکومەتی ئێران (ئیرنا) ڕۆژی هەینی لە زاری دیپلۆماتێکی باڵای ئێرانەوە ڕایگەیاند؛ پێشنیارێکی یەکێتی ئەوروپا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 ی ئێران "دەکرێت قبوڵبکرێت ئەگەر دڵنیایی بدات" بە داواکارییە سەرەکییەکانی تاران.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند؛ دوای چوار ڕۆژ لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران لە ڤیەننا دەقێکی "کۆتایی" خستۆتە ڕوو.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتوانرێت گۆڕانکاری زیاتر لە دەقەکەدا بکرێت، کە ماوەی 15 مانگە لەژێر دانوستاندایە. گوتیشی، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی لە لایەنەکان دەکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا.

ئێرنا لە زاری ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییە نەناسراوەوە بڵاویکردەوە، تاران پێداچوونەوە بە پێشنیازەکەدا دەکات. دیپلۆماتکارەکە گوتیشی؛ پێشنیارەکانی یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت قبوڵکراو بێت ئەگەر دڵنیایی بداتە ئێران لەسەر پرسەکانی پارێزبەندی، سزا و پێدانی گەرەنتیەکان.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە گەرەنتی ئەوە بەدەست بهێنێت کە هیچ سەرۆکێکی داهاتووی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز نەبێتەوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە زیندوو بکرێتەوە، وەک چۆن دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 دا پاشگەزبۆوە و سزا توندەکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بە سەر ئێران دا.

بەڵام سەرۆک جۆو بایدن ناتوانێت ئەم جۆرە دڵنیاییە یەکلاییکەرەوانە بدات، چونکە ئەو ڕێککەوتنە لێکتێگەیشتنێکی سیاسییە نەک پابەندبوون بە پەیماننامەیەکی یاساییەوە.

واشنتۆن ڕایگەیاند؛ ئامادەن بەخێرایی بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی یەکێتی ئەوروپا.

بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند "بۆچوون و ڕەچاوکردنی زیادە"ی خۆیان دەگەیەننە یەکێتی ئەوروپا کە هەماهەنگی دانوستانەکان دەکات، دوای ڕاوێژکردن لە تاران.

وا پێدەچوو ڕێکەوتننامەکەی ساڵی 2015 لە مانگی 3 ی ساڵی ڕابردوودا نزیکبووبێتەوە لە زیندووبوونەوە. بەڵام 11 مانگ لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و بەڕێوەبەرایەتیەکەی بایدن لە ڤیەننا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی پێداگری ئێران لەسەر لابردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمەریکادا بارگرژییەکانی زیاتر کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا ئەندامێکی سوپای پاسدارانی بە پیلانگێڕی بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی تۆمەتبار کرد، هەرچەندە واشنتۆن ڕایگەیاند کە پێیانوایە ئەو تۆمەتە کاریگەری نابێت لەسەر دانوستانە ئەتۆمیەکە لەگەڵ تاران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG