Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەقی کۆتایی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران دەخاتە ڕوو


بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند؛ یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە دەقێکی "کۆتایی" خستەڕوو بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 ی ئێران، لە کاتێکدا چوار ڕۆژە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران لە ڤیەننا کۆتایی پێهاتووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ناتوانرێت هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە لە دەقەکەدا بکرێت، کە ماوەی 15 مانگە لەژێر دانوستاندایە، هەروەها گوتی چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی لە لایەنەکان دەکات لە ماوەی "بە لایکەمەوە کەمتر لە هەفتەیەک".

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئەوروپا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە کۆنگرەیەکی کورتدا لە ڤیەننا ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ دەقێک دەخەینەڕوو کە دەقی کۆتاییە. "ئەم دەقە بڕیار نییە زیاتر دانوستان و گۆڕانکاری زیاتری لەسەر بکرێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ "ئەمەریکا ئامادەیە بەخێرایی ڕێککەوتنێک ئەنجامبدات" بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە خراوەتەڕوو.

به‌ڵام به‌رپرسانی ئێران پێشنیاریان کرد که‌ پێشنیازه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌ خاڵی کۆتایی نازانن و ڕایانگه‌یاند که‌ "بۆچوون و تێڕوانینی زیاده‌"ی خۆیان ده‌گه‌ینه‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا که‌ هه‌ماهه‌نگی دانوستانه‌کانه‌ دوابەدوای ڕاوێژکاری له‌ تاران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "تاران چەندینجار ڕایگەیاندووە کە ئامادەن بۆ گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن هەموو لایەکەوە. وتەبێژەکە دەشڵێت "با بزانین کارەکانیان لەگەڵ قسەکانیاندا دەگونجێت یان نا."

لە ساڵی 2018 دا دانۆڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا دەستبەرداری ئەو ڕێککەوتنە بوو و سزا توندەکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر ئێران دا کە بۆ ڕێگریکردن بوو لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەناردەکردن و داهاتی حکومەت بوو.

لە بەرامبەردا تاران؛ کە دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ بەرهەمهێنانی وزە و مەبەستی ئاشتیخوازانەی دیکەیە، نزیکەی ساڵێک دواتر بە چەندین شێوە دەستی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە کرد، لەوانە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG