Accessibility links

کەسێک بە کلاشینکۆڤێکەوە لە نیویۆرک دەستگیردەکرێت کە چاودێری ماڵی ڕۆژنامەوانێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کردبوو


پۆلیسی نیویۆرک کەسێکی دەستگیرکردووە کە چەکێکی کلاشینکۆڤ لە ئۆتۆمبیلەکەیدا بووە و چاودێری ماڵی مەسیح عەلی‌‌نەژاد، ڕۆژنامەوانی ئێرانی کردووە.

کاربەدەستان ڕایانگەیاند، خالێد مەهدیێڤ تەمەن 29 ساڵ کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی ئازەربایجانە، هەردوو ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ڕابردوو چووەتە بەردەم ماڵی مەسیح عەلی‌نەژاد.

هەر ڕۆژی پـێنجشەممە پۆلیس دەستیگریکردووە کاتێک ئۆتۆمبیلەکەیان پشکنیووە، دەرکەوتووە مۆڵەتی شۆفێری پێ‌نییە، بەڵام چەکێکی کلاشینکۆڤی (AK-47) جۆری چینی و 66 گولـلەی پێیە، لەگەڵ دوو تابلۆی جیاوازی ژمارەی ئۆتۆمبیل و هەزار دۆلار.


لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردووە، ناوبراو هەردوو ڕۆژەکە بۆ چەند کاتژمێرێک لە بەردەم ماڵی مەسیح عەلی‌نەژاد ماوەتەوە و لە پەنجەرەکانەوە سەیری ناو ماڵەکەی کردووە و هەوڵیشی داوە دەرگای یەکەمی ماڵەکەی بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، خالێد مەهدیێڤ سەرەتا لە لێکۆڵینەوەکاندا بە پۆلیسی گوتووە لە ناوچەی یانکەرزی نیویۆرک دەژی و کرێ خانوو لەوێ گرانە، بۆیە هاتووە بۆ ناوچەی برۆکلین هەتا شوێنێکی هەرزانی دەستبکەوێت. کاتێک لێیان پرسیووە، ئەی بۆچی ویستووتە دەرگای ماڵەکە بکەیتەوە؟، گوتویەتی بۆ ئەوەی لە دەرگای دووەم بدەم و بپرسم ئایە ژورێکیان بە کرێ دەدەن. هەروەها گوتویەتی ئۆتۆمبیلەکەی لە کەسێک وەرگرتووە وە هیچ لە بارەی ئەو چەکە نازانێت کە تیایدا بووە.

بەڵام دواتر دانی ناوە بەوەی خۆی خاوەنی چەکەکەیە و لە ناوچەی برۆکلین بووە بۆ گەڕان بە دوای کەسێکدا.

مەسیح عەلی‌نەژاد لە تویتەرەکەی پارچە ڤیدیۆیەکی کامێرایەکی چاودێری ماڵەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا خالێد مەهدیێڤ دەردەکەوێت. لەگەڵیدا نووسیویەتی ئەمانە دیمەنی ترسناکن کە پیاوێک پیشان دەدات کە هەوڵی داوە بە چەکێک کە گولـلەی لە بەردابووە بێتە ناو ماڵەکەم لە نیویۆرک. ساڵی ڕابردوو دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI ڕێگریکرد لەوەی کۆماری ئیسلامی بمفڕێنێت. تاوانی من ئەوەیە لە بری ئەو کەسانە قسە دەکەم کە ناتوانن ڕاوبۆچوونی خۆیان بڵێن. داوا لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا دەکەم لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بابەتەکانی پەیوەست بە تێرۆر توندبێت."


جێی ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو دەزگای لێکۆڵینەوە فیدراڵی ئەمەریکا پلانێکی ئێرانی ئاشکراکرد بۆ ڕفاندنی مەسیح عەلی‌نەژاد. پاشان وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر چوار ئێرانیدا سەپاند کە دەستیان لە پلانەکەدا هەبووە.

XS
SM
MD
LG