Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بەو ڕۆژنامەوانەی دەنگی ئەمەریکاوە دەکات کە ئامانجی پیلانێکی ئێران بوو بۆ ڕفاندنی


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە وەک وەزارەتی داد ڕایگەیاند بوو بە ئامانجی پیلانێکی ڕفاندن لەلایەن ئێرانەوە " ئازایەتییەکی زۆری نیشان دا."

بلینکن ڕۆژی دووشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند " گفتوگۆیەکی باشی" لەگەڵ مەسیح عەلی نەژادی بێژەری بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکادا کردووە، کە ڕەخنەگرێکی ئاشکرای حکومەتی ئێرانە.

بلینکن لە تویتەکەیدا دەڵێت " من دووپاتم کردەوە کە ئەمەریکا هەمیشە پشتیوانی لە کاری گرنگی ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ دەکات لە سەرانسەری جیهاندا. ئێمە بێدەنگ نابین لە ئاستی هەوڵەکان بۆ ترساندنیان یان بێدەنگکردنی دەنگەکانیان."

عەلی نەژاد گوتی ئەو و بلینکن بۆ ماوەی 15 خولەک گفتوگۆیان کردووە ئەو گوتی " وەزیری دەرەوە بلینکن گوتی بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر بە جددی دەبینێت و ئاگاداری ئەوە بووە کە چۆن ڕژێمی تاران جودابیران لە ئەمەریکا و ئەروپا دەکەن بە ئامانج." عەلی نەژاد لە تویتەکەیدا دەشڵێت " ئەو دڵنیای کردمەوە کە ئەمەریکا ئەو ڕژێمە بۆ ئەم پیلانە بەرپرسیار دەکات."

لە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرکتاوانبارانی ئەم پیلانگێڕیـیەی ڕاگەیاند کە 5 ئێرانین و گوایە " هەوڵی ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسێکی بروکلین، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و نوسەری کتێبیان دانابوو بەهۆی بیروڕا ئاشکراکانی لەسەر ئێران و کارەکانی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ هێنانی گۆڕانکاری بۆ ڕژێمی ئێران." ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی داد نێوی ئامانجی پیلانەکەی ئاشکرا نەکردبوو.

عەلی نژاد کە لە برۆکلنی نیویۆرک دەژێت، پاشان لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا پشتڕاستی کردەوە ئەو کراوە بە ئامانج.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەید خەتیبزادە تۆمەتەکەی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوەو لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای دەوڵەتی ئێران دەڵێت " ئەمە تۆمەتێکی بێبنەماو بێمانایە هەر شایانی وەڵامدانەوەش نییە."

عەلی نەژاد لە ساڵانی 2000ەکاندالە ئێران کاری ڕۆژنامەوانی دەکرد، ئەو بابەتانەی دەنوسیکە خراپی بەڕێوەبردنی حکومەت و گەندەڵییەکانی دەخستەڕوو، تا ئەو کاتەی دەسەڵاتداران مۆڵەتی کاری ڕۆژنامەوانیان لێسەندەوەو هەڕەشەی زیندانی کردنیان لێی کرد. ئەو لە ساڵی 2009 لە وڵاتەکەی خۆی هەڵات و سەرەتا چووە بەریتانیا بەر لەوەی بگاتە ئەمەریکا و لە ساڵی 2014 وە لە نیویۆرک نیشتەجێبێت.

XS
SM
MD
LG