Accessibility links

ئەمەریکا سزای دارایی دەخاتە سەر ئەو چوار کەسە ئێرانییەی پلانی ڕفاندنی ڕۆژنامەوانێکیان لە ناو ئەمەریکا داڕشتبوو


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای دارای خستووتە سەر چوار ئێرانی دەزگای هەواڵگری کە دەستیان هەبووە لە پیلانیگێڕان بۆ ڕفاندنی ڕۆژنامەوانێک و چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤی ئەمەریکایی.

ئەم سزایانە پاش ئەوە بوو کە داواکارانی گشتی ئەمەریکا لە مانگی حەوت چوار ئێرانیان تاوانبار کرد بە پلاندانان بۆ ڕفاندنی ڕۆژنامەوان مەسیح عەلینەژادی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی بنکە لە نیویۆرک کە ڕەخنەگرێکی سەرەکی حکومەتی تاران بوو. پێشتر ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز پشتڕاستی کردبۆوە کە ئەو ڕۆژنامەوانەی هەوڵی ڕفاندنی دراوە مەسیح عەلینژاد بووە.

ئێران ڕۆژی شەممە ئەو سزایانەی لەسەر ئەو چوار کەسە ڕەتکردەوە و گوتی ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی "ئالوودەبوونی واشنتۆنە بە سزاکانەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا کە لە وتەی سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە وەرگیرابوو ڕایگەیاند "لایەنگر و بازرگانانی سزاکان بەهۆی بەرگری ئێرانەوە سندوقی سزاکان بە بەتاڵی دەبینن، ئێستا پەنا بۆ سیناریۆکانی هۆلیوود دەبەن بۆ هێشتنەوەی سزاکان".

وتیشی "پێویستە واشنتن لەوە تێبگات کە جگە لە وازهێنان لە ئالودەیی خۆی بە سزاکانەوە و ڕێزگرتن لە ئێران هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نییە."

بە پێی سزاکان هەموو سامانی ئەو چوار ئێرانییە لە ئەمەریکا یان هەر شوێنێکی کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکا بێت سڕ دەستیبەسەردا دەگیرێت و ڕێگری دەکرێت لە هەر پەیوەندیەکی نێوان ئەوان لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمەریکادا. وەزارەتی خەزێنە دەڵێت هەر کەسێکی کە ئەمەریکایش نەبێت و پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئەم کەسانەدا هەبێت ئەوا ڕەنگە ئەوەیش بچێتە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە.

وەزارەتی خەزێنە دەڵێت ئەو کەسانەی کە سزادراون بریتین لە بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی سەر بە ئێران، عەلیرەزا شاڤارۆغی فەراحانی و هەروەها کارگێڕانی هەواڵگری ئێران مەحمود خەزەین ،کیا سادقی و ئۆمید نوری.

XS
SM
MD
LG