Accessibility links

دەزگای FBI ژنێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی ڕزگاردەکات لە ڕفاندنی لەلایەن ئیتلاعاتەوە


ژنێکی ڕۆژنامەوان و چالاکوانی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە دانیشتووی ناوچەی برۆکلینی ویلایەتی نیویۆرکە، لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکاFBI ئاگادارکرایەوە کە ئیتلاعاتی ئێران دەیەوێت بفڕێنێت و بەرەو ئێرانی بباتەوە.

مەسیح عەلی‌نەژادی تەمەن44 ساڵ کە بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا کاردەکات، لەسەر تویتەرەکەی بڵاویکردووەتەوە کە چۆن پـۆلیس لە بەردەمی ماڵەکەی پاسەوانی دەکەن و نووسیویەتی" سوپاسی دەزگای FBI دەکەم لە بەرامبەر پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ ڕفاندم. ئەم پیلانگێڕیـیە هی سەردەمی ڕوحانیـیە. ئەمە ئەو ڕژێمەیە ڕوحوڵڵا زەمی ڕفاند و لەسێدارەی دا. هەروەها جەمشید شارمەهد و زۆر کەسی دیکەی ڕفاند و زیندانی کردن."

مەسیح دەڵێت 8 مانگ لەمەوبەر کاربەدەستان لە FBI هاتوون بۆ ماڵەکەی و پـێیان وتووە تۆ ژیانت لە مەترسیدایە، بەڵام ئەو بڕوای نەکردووە و پـێکەنیەوە و توویەتی من لە ئەمەریکام بۆچی سەلامەت نیم، ئەوانیش پـێیان وتووە نەخێر بە ڕاستمانە و ئەمە وێنە و ڤیدیۆی خۆت و خێزانەکەتە کە لە لایەن بەکرێگیراوانی ئێرانەوە گیراون. دەشڵێت شۆکبووە کاتێک بینیویەتی وێنەی هاتوچۆی ڕۆژانەیان گرتووە و هەروەها وێنەی هاوسەرەکەی و منداڵەکانیشی.

دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک دوێنێ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا تاوانبارانی ئەم پیلانگێڕیـیەی ڕاگەیاند کە 4 ئێرانین. وێنە و زانیاری لەسەر هەریەکەیان بڵاوکردووەتەوە.

بەپـێی بەیاننامەکە، ئێران لە ساڵی 2018 وە هەوڵی ڕفاندنی ئەم خانمەیان داوە، ئەویش بە فریودانی لە ڕێگەی خزمەکانی لە وڵاتانی دیکە هەتا بچێت بۆلایان و لەوێ دەستگیری بکەن، بەڵام خزمەکانی ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن، بۆیە شکستیان هێناوە.

لە دەوروبەری مانگی شەشی ساڵی 2020 دەزگا سیخوڕیـیەکانی ئێران پلانیان دانا، ئەم ژنە چالاکوانە لە ناو خاکی ئەمەریکاوە بفڕێنن، ئەویش لە نیویۆرکەوە بە بەلەم و پاپـۆڕ بیفڕێنن بۆ ڤەنزوێلا و لەوێشەوە بیبەنەوە بۆ ئێران.

خۆشبەختانە دەزگای FBI بە پیلانگێڕیـیەکەی زانی و ژیانی مەسیح عەلی‌نەژادیان ڕزگارکرد.

XS
SM
MD
LG