Accessibility links

لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەسەر هێرشەکەی سەر قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب لە تێکساس


بەگشتی هەتا ئێستا نێوەندەکانی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان نەداوە بەڵام توانیویانە هەندێک زانیاری نوێ ئاشکرا بکەن، لە سەرو هەموویانەوە ئەو سێ پەیامە بووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ناردوویەتی.
لێکۆڵەرەوەکان دەڵێن ئەو پەیامانە بە مەسنجەری تایبەت نێردراون و لە ئێستاشدا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک هاوکارییەکی تەواوەتی لێکۆڵینەوەکان دەکات.
گرێگ ئابت، فەرمانڕەوای تێکساس ڕایگەیاند ، ئەو چەکدارە نەوجەوانە ئەمەریکاییەی کە لانیکەم 19 منداڵ و دوو کەسی گەورەی لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب کوشت، ماوەیەکی کورت بەرلەوەی هێرشەکە ئەنجام بدات لە پەیامێکی تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا هۆشداری داوە کە خەریکە تەقە لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی دەکات.
ئابت سەلڤادۆر رامۆسی بە گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ وەسف کردووە کە وازی لە خوێندنی ئامادەیی هێناوە. ئەو فەرمانڕەوایە کێشەی تەندروستی دەروونی بە هۆکاری ئەو هێرشەی رامۆس لەقەڵەمدا کە لە ڕۆژی سێشەممە کردییە سەر قوتابخانەی سەرەتایی ڕاب لە شاری یوڤاڵدی لە ویلایەتی تێکساس. ئەو هێرشە بە کوشتنی ڕامۆس لەلایەن ئەندامێکی پەسەوانانی سنووری ئەمەریکا کۆتاییپێهات.

بەڵام ئابت وتی بەرپرسان هیچ نیگەرانییەکی چاودێری تەندروستی دەروونییان نەدۆزیوەتەوە کە بە فەرمی لەبارەی رامۆسەوە تۆمارکرابێت، هەرچەندە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایانگەیاندووە کە جارێک ڕامۆس بە دەمانچەی ساچمە بە هەڕەمەکی لەسەر شەقامەکانی یوڤاڵدی تەقەی کردووە و هێلکەی گرتووەتە ماشێنەکان. ناسیاوەکانی دەڵێن ئەو توڕە بووە چونکە نەیتوانیوە پۆلەکانی تەواو بکات تا ئەم هەفتەیە لەگەڵ هاوپۆلەکانیدا دواناوەندی تەواو بکات.
ئابت گوتی نزیکەی 30 خولەک بەرلەوەی ڕامۆس هێرشبکاتە سەر ئەو قوتابخانەیە، لە پەیامێکی فەیسبووکدا نوسیویەتی " من دەڕۆم نەنکم دەکوژم،" کە لەگەڵیدا دەژیا، پاشان ڕۆشت و تەقەی لێکرد. ئەو ژنە تەمەن 66 ساڵانە لە هێرشەکە ڕزگاری بوو و لە نەخۆشخانەیە و ڕەوشی تەندروستی ناجێگیرە.
فەرمانڕەوای تێکساس گرێگ ئابت گوتیشی چەند خولەکێک پاشتر لە پەیامێکی تردا نوسیویەتی " من تەقەم لە نەنکی خۆم کرد." پاشان لە پەیامی سێهەمیدا ڕامۆس هۆشداریەکی دیکەی داوەو نوسیویەتی " من دەڕۆم تەقە لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی دەکەم."


کاردانەوەکان


ئەم ڕووداوە جارێکی تر کۆمەڵگەی ئەمەریکای تووشی ڕاچڵەکین کرد و کاردانەوەکان زۆرن و توێژەکانی کۆمەڵگە هەریەکەیان و بە شێوە جیا جیا کاردانەوەی خۆیان دەردەبڕن. لە ستانی تەکساس، بێتۆ ئۆڕۆرک، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی فەرمانڕەوای ستانی تەکساس، بووە مایەی تێکدانی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی فەرمانڕەوای ئێستای تەکساسی تێکدا.
هاوکاتی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی گرێگ ئابۆت فەرمانڕەوای ئێستای تەکساس، بەڕێز ئۆڕۆرک پشێوییەکی لەناو هۆڵەکەدا دروست کرد کاتێک وتی "ئەو تەقەکردنەی ڕوویداوە پێشبینیکراو بووە چونکە ئابۆت هیچی نەکردووە و هیچیش ناکات."
هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا بەشێکی ئامادەبووان بە قسەی ناشرین و نەشیاو وەڵامیان دایەوە و خەریکیش بوو هێرش بکرێتە سەری بەڵام پۆلیس پاراستیان و لە هۆڵەکە بردیانە دەرێ.
گرێگ ئابۆت لای خۆیەوە دەڵێت ئەو تەقەکردنە بەهۆی خراپی باری دەروونی کەسەکەوە بووە نەک ئەوەی پەیوەندی هەبێت بەوەی دەستڕاگەیشتن ئاسانە بە چەکی سوک و ئۆتاماتیکی.


چەک و هەڵبژاردن لە ئەمەریکادا


دۆسێی چەک و مافەکانی هەبوونی چەک لە زۆربەی هەرە زۆری هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا گرنگیی پێدەدرێت و بابەتێکی هەستیاری سیاسی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیشە.
لەناو ڕای گشتی ئەمەریکادا دابەشبوونێکی بەرچاو هەیە لەسەر ئەم پرسە، ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاوەرگرتنێکی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزدا، زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەوانەی بەشدارییان کردووە لەگەڵ ئەوەدان خەڵک مافی چەک هەبوونی هەبێت وەک لە دەستوردا پێشنیازکراوە، لە ڕاوەگرتنێکی تردا کە پێشتر نێوەندی گالوب کردوویەتی نزیکەی لە سەدا 52 ی ئەوانەی ڕایان وەرگیراوە دەڵێن لەگەڵ ئەوەدان یاسا و ڕێسای قورس دابنرێت
لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا زۆر بەرنوس هەن بڕیاریان لێدراوە بەڵام چونکە دیموکراتەکان لە سیناتدا 60 دەنگی مسۆگەریان نییە بۆیە زۆر قورسە کە بتوانرێت ئەو بەرنوسانە تێبپەڕێندرێن بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت دیموکراتەکان دەستبەرداری هەوڵەکانی خۆیان بن هەربۆیە دەبینین لە ڕۆژی ڕووداوەکەی تەکساسەوە جارێکی تر دیموکراتەکان داوا لە دەنگدەران دەکەن تا بەشدارییەکی بەرچاو بکەن بۆ پشتیوانی لە کاندیدە دیموکراتەکان و ئەو زۆرینە پێویسیتە بەدەست بێنن لە دوای هەڵبژاردنەکانی مید تێرمدا تا بتوانن ئەو بەرنوسانەی دژ بە چەکن لە کۆنگرێسدا تێبپەڕێنن.

XS
SM
MD
LG