Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی قەدەغەکردنی کڕینی نەوت لە ڕووسیا دەکات


یەکێتی ئەوروپا خەریکی داڕشتنی پرۆژەیەکە بۆ سزادانی کەرتی نەوتی رووسیا. ئەم هەواڵە وەزیرانی دەرەوەی ئێرلەندا، لیتوانیا و هۆڵەندا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند.

تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لە نێو وەڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا نییە بۆ قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی خاوی رووسیا.

وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا سایمۆن کۆڤینی دوای گەیشتنی بە لوکسەمبۆرگ بۆ کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا گوتی کۆمسیۆنی ئەوروپا "کار لەسەر ئەوە دەکات دڵنیابێت کە نەوتی رووسیا بەشێک دەبێت لە پاکێجی سزاکان."

گوتیشی، "یەکێتی ئەوروپا سەدان ملیۆن یۆرۆ لە هاوردەکردنی نەوتی رووسیا خەرج دەکات و ئەمەش بە دڵنیایەوە ڕۆڵی هەیە لە دابینکردنی خەرجی شەڕەکە. دەبێت سەرچاوەی دارایی [شەڕەکە] ببڕین. تا زووتر ئەوە بکەین باشترە."

هاوتا هۆڵەندی و لیتوانییەکانی گوتیان کە ئەوان ئامادەن ڕێگەیەن بدۆزنەوە تا نەوتی رووسیا بکەنە ئامانج. نزیکەی یەک لەسەر چوار نەوتی هاوردەکراوی وڵاتانی ئەروپا لە رووسیاوە دێت. ئەگەر ئەروپا نەوتی رووسیا نەکڕێت، ئەمەش دەکرێت فشاری زیاتر بخاتە سەر مۆسکۆ تا لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و شەڕەکە کۆتایی پێبێت.

هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ نیشاندانی تاوانەکانی رووسیا وەکو کوشتنی خەڵکی مەدەنی ئۆکرانی بە جیهان فشاری زیاتری خستۆتە سەر وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی سزاکانیان بۆ سەر رووسیا چڕتر بکەنەوە. هەفتەی رابردوو هاوردەکردنی خەڵوزیان لە رووسیاوە قەدەغەکرد.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG