Accessibility links

زێلێنسکی هۆشداری لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا دەدات


ڤۆلۆدیمر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری دەدات لەوەی کە ڕووسیا پلانی هەیە "ئۆپەراسیۆنی گەورەتر" لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجامبدات، هاوکات دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی ئامادەن تا وەڵامی هێزە رووسەکان بدەنەوە.

لە گوتارێکی ڤیدیۆیدا شەوی یەکشەممە، زێلێنسکی گوتی رۆژی سەختیان لە پێشە. هەروەها لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ CBS ی ئەمەریکیدا کە شەوی یەکشەممە پەخشکرا، گوتی مانەوەی ئۆکرانیا پشت بەوە دەبەستێت تا چەند ئەمەریکا چەکی پێویست بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.

زێلێنسکی گوتی "لیستێک" ی ئەو چەکانەی داوە بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن.

گوتی، "سەرۆک بایدن دەتوانێت بچێتە ناو مێژووەوە وەک ئەو کەسەی شان بە شان لەگەڵ گەلی ئۆکرانیدا وەستا تا بردنەوە و بوونە خاوەنی مافی هەبوونی وڵاتی خۆیان. ئەمە پشت بە ئەویش دەبەستێت."

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممەکۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی زیادکردنی سزاکان لەسەر رووسیا.

لە مۆسکۆ سەرۆک وەزیرانی نەمسا کارل نەهامەر سەردانی فلادیمیر پۆتنی سەرۆکی ڕووسیا دەکات کە یەکەم سەردانی ئەم جۆرەیە لەلایەن سەرکردەیەکی ئەوروپاوە کۆتای مانگی شوباتەوە کاتێک هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردە سەر ئۆکرانیا.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بایدن لەگەڵ ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان گفتوگۆیەکی ئۆنلاینی ئەنجامبدا. لەکاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت فشارەکان بۆ سەر ڕووسیا زیادبکات، لەوانەش لەسەر سەرەکیترین پیشەسازی وڵاتەکە کە نەوتە، هیندستان بێلایەنی هەڵبژاردووە و بەردەوامە لەکڕینی نەوت و گازی ڕووسیا لەکاتێکدا دەنگی دژی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەدا.

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی جێن ساکی ڕۆژی یەکشەممە لەلێدوانێکیدا ڕایگەیاند بایدن کۆبوونەوەکە بەکاردێنێت بۆ تاوتوێکردنی "دەرئەنجامەکانی شەڕی دڕندانەی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا و کەمکردنەوەی کاریگەری ناسەقامگیری لەسەر دابینکردنی خۆراکی جیهانی و بازاڕەکانی شتوومەک."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG