Accessibility links

ئیسرائیل تاوانەکانی بوچا شەرمەزار دەکات بەڵام ناوی ڕووسیا ناهێنێت


نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە کوژرانی هاوڵاتیانی شارۆچکەی بوچای ئۆکرانی شەرمەزارکرد کە بە بەڵگەوە خراوەنەتە ڕوو، بەڵام نەگەیشتە ئەوەی کە هێزەکانی ڕووسیا بە بەرپرسار تۆمەتبار بکات.

ئیسرائیل لە ڕەخنەکانیدا بەرامبەر ڕووسیا لە کاتی قەیرانەکانی ئۆکرانیادا خۆی بە دوور دەگرێت و جەخت لە هەوڵەکانی بێنێت دەکاتەوە بۆ نێوەندگیری ئاشتیانە، ئیسرائیلیش دەیەوێت کەناڵەکان بە کراوەیی بۆ سوپای ڕووسیا لە سوریا بهێڵێتەوە، کە زۆرجار ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر هێز و سەرچاوەکانی ئێران لە سوریا.

بێنێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە بە دیمەنە ترسناکەکانی بوچا، دیمەنە زۆر ترسناکەکان، شۆک بووین و شەرمەزاری ئەم کارە دەکەین. ئازارەکانی هاوڵاتیانی ئۆکرانی زۆر گەورەیە و ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یارمەتیدانیان."

دۆزینەوەی کوژراوە مەدەنییەکان کە زۆربەیان دەست و قاچایان بەستراوەتەوە، دوای ئەوەی سوپای ڕووسیا لە شارۆچکەکە کشانەوە، بوونە مایەی تووڕەبوونێکی جیهانی. کیێڤ وەک بەڵگەیەکی کۆمەڵکوژی ناودێری دەکات، مۆسکۆ بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردۆتەوە و ئۆکرانیای بەوە تۆمەتبارکردووە کە هەوڵی شێواندنی ناوبانگی دەدات.

پرسی بوچا لە ناو هاوپەیمانی حزبیەکەی بێنێت دا دابەشبوونێکی سازکردووە. وەزیرێکی لیبراڵ ئەو کوشتارانەی بەتاوانی جەنگی ڕووسیا ناودێرکرد، لە کاتێکدا هاوکارێکی تری ڕاستڕەویان گوتی پێویستە وریا بین سەبارەت بەو تومەتانەی ئاڕاستەی ڕووسیا دەکرێن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG