Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی کوشتنی هاوڵاتیانی سیڤیل لە ئۆکرانیا دەکات


واچاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک سازبکات و سەنگ بخاتە سەر پرسی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا، ڕۆژێک دوای ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە پێویستە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕووبەڕووی دادگای تاوانەکانی جەنگ ببێتەوە.

کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە بریتی دەبێت لە پوختەی وتەکانی ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و مارتین گریفیسی ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها وتارێک لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاوە پێشکەش دەکرێت.

بەریتانیا ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجومەنەکەی بەدەستەوەیە و باڵێوزی نەتەوە یەکگرتووەکان باربارا ودوارد بەپەیامنێرانی ڕاگەیاند کە پرسی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا دەبێتە پێشەنگ و نێوەندی کۆبوونەوەکە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دیمیترۆ کولیبا درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەو پرسەی لەگەڵ گۆترێش دا تاوتوێ کردووە، لەوانەش بارودۆخی بوچا کە یەکێکە لە ناوچەکانی دەوروبەری پایتەختی ئۆکرانیا کە گوایە لەم ڕۆژانەی دواییدا چەندین کاری دڕندانە لە لایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لەو ناوچەیە ئەنجامدراوە.

کولیبا لە تویتەر نوسیویەتی و جەختی لەوە کردەوە "کە ئۆکرانیا هەموو ڕێوشێن و شێوازە بەردەستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاردێنێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و لێپێچینەوە لە تاونبارانی شەڕی ڕووسیا."

مۆسکۆ تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیانی لە بوچا ڕەتکردووەتەوە و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دیمەنەکانی بە "هاندانێک لە دژی ڕووسیا" ناودێر کرد، باڵیۆزی ڕووسیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا " بەڵگەی ڕاستی" پێشکەش دەکات.

وتەبێژی کۆمپانیای مانگە دەستکردەکان Maxar Technologies ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند ئەو وێنانەی کە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا لەسەر ناوچەی بوچا گیراون و کۆکراونەتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە "ڤیدیۆ و وێنەکانی ئەم دواییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە کەوتنی لاشەی کوژراوەکانە لەسەر شەقامەکان کە بۆ چەند هەفتەیەک ئەو لاشانەیان بە جێهێشتووە."

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئۆکرانیا ناوچەکانی بەشی باکووری ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە دوای ئەوەی " هێزەکانی ڕووسیایان ناچار کردووە لە ناوچەکانی دەوروبەری چەرنێهێڤ و باکوری کیێڤ بکشێنەوە" وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری زۆرە ئەو هێزە ڕوسیانە پێویستییەکی زۆریان بە خۆپڕچەککردن و خۆئامادەکردنی گەورە هەبێت بەر لەوەی دەستبکەنەوە بە شەڕکردن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

سەرۆکایەتی گشتی هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دۆنتسک و لوهانسک لە ئێستادا بوونەتە چەقی بایەخی ڕووسیا بۆ خۆئامادەکردنەوە بە ئامانجی "کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی" بەسەر ئەو ناوچانەدا.

دیمەنەکانی وێرانکاری لە بۆتچا و هەرێمەکانی تر تیکڕا بوونەتە وروژاندنی شەرمەزارکردنی مۆسکۆ.

ئیتالیا و دانیمارک ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە دیبلۆماتکارانی ڕوسیا دەردەکەن دوابەدوای هەنگاوی هاوشێوە لەلایەن لیتوانیا و فەرەنساو ئەڵمانیاوە.

بایدن ڕۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "لەوانەیە لە بیرتان بێت کە ڕەخنەم لێ گیرا کە پوتنم بە تاوانباری جەنگ ناوبرد" "باشە، من ڕاستی و دروستی ئەوەم بینیی کە چی لە بۆتچا ڕوویدا. ئەو تاوانبارێکی جەنگە بەڵام پێویستە زانیاری کۆبکەینەوە."

هەروەها بایدن پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی خۆی لە ولایەتی دیلەوەر لە کۆتایی هەفتەکەدا ئاماژەی دا بە پوتین و وتی "ئەو پیاوە دڕندەیە و ئەوەی لە بۆتچا ڕوودەدات زۆر جێی شەرمەزارییە و هەموو کەسێک بینیویەتی" بەڵێ، بەردەوام دەبم لە زیادکردنی سزاکان."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند کە واشنتن لەسەر داوای ئۆکرانیا پشتگیری تیمێکی فرە نەتەوە لە داواکاری گشتی دەکات کە بەڵگەی ئەو دڕندەییانە کۆبکەنەوە کە لەوێ ڕویداوە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لیین ڕۆژی دووشەممە لە تویتێک دا دەڵێت کە یەکێتی ئەوروپا لێکۆڵەرەوەکان دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ " بەڵگەسازکردنی تاوانەکانی جەنگی".

ڤۆن دێر لیین و ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بورێل پلانیان وایە ئەم هەفتەیە گەشت بکەن بۆ کیێڤ بۆ بینینی زیلینسکی بەر لە کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی و بابەتەکانی دیکەی هاوکاری مرۆیی بۆ پەنابەرە ئۆکرانیەکان و ئاوارە ناوخۆییەکان.

زیلینسکی ڕۆژی دووشەممە سەردانی بۆتچای کرد و لە تەلەڤزیۆنی نیشتیمانییەوە بە گەلەکەی ڕاگەیاند کە ئێستا ئەستەمە دانوستان لەگەڵ ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا، ئەو دڕندەیی کە هێزەکانی ڕووسیا ئەنجامیان داوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە.

لەگەڵ بوونی ئەو بەڵگانەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی پێکەوە بەستراونەتەوە و لە نزیکەوە تەقەیان لێکراوە، گۆڕێکی بەکۆمەڵ و کەوتنی تەرمەکان لە شەقامەکانی بۆتچا؛ زیلینسکی ڕایگەیاند "ئەمانە تاوانی جەنگن و جیهان بە کۆمەڵ کوژی دەیناسێنێت."

زیلینسکی دواتر لە چاوپێکەوتنیکی ڤیدیۆیەکدا بۆ پەرلەمانی ڕۆمانیا ڕایگەیاند کە ئەو ترسی ئەوەی هەیە شوێنی زیاتر هەبێت کاری دڕندانەی خراپتری تێدا ئەنجام درابێت.

هەروەها وتیشی "ئێمە هەموو هۆکارەکانمان لەبەردەستدایە کە وامان لێدەکات لەو باوەڕدا بین زۆر کەس کوژراون، زیاتر لەوەی کە ئێمە دەیزانین."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG