Accessibility links

ئەمەریکا: ئەمەریکا پشتیوانی لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەکات لەسەر تاوانەکانی دژ بە ئۆکرانیا


ئۆکرانیا، بوچا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وڵاتەکە پشتیوانی لە تیمی لێکۆڵەرەوان و شارەزایانی نێودەوڵەتی دەکات کە یارمەتیدەرن لە کۆکردنەوە و شیکاریکردنی بەڵگەکان لەسەر ئەو کردەوە دڕندانانەی کە دژ بە ئۆکرانیا ئەنجامدراون و لێپێچینەوە لەوانەی بەرپرسن لەو کارانە.

وڵاتانی جیهان کاردانەوەیەکی توندییان هەبوو سەبارەت بە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە باکووری ئۆکرانیا کە لەوێ لە شارۆچکەی بوچا گۆڕی بە کۆمەڵ و تەرمی مردووەکان لەسەر شەقامەکان دۆزرانەوە.

پێشتر ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدابوو لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەربازانی سوپای ڕووسیا تاوانی جەنگیان لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " چاودێری کردەوە دڕندانەکان دەکەین و تۆمارییان دەکەین، هەروەها زانیارییەکان لەگەڵ دامەزراوەکاندا هاوبەش دەکەین و کار دەکەین بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسن."

پڕایس وتی لەسەر داوای ئۆکرانیا، تیمەکەی لێکۆڵەرەوان و شارەزایانی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە یەکەی لێکۆڵەرەوانی گشتی ئۆکرانیا دەکەن کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ دەکەن لە وڵاتەکەدا.

پڕایس وتی " تاوەکو ئەو کاتەی پوتن بەردەوام بێت لەم جەنگە بێ مانا و بێ هۆکارە، مەرگ و ئەو وێرانکارییەی کە هێزەکانی کرێملن هێناوییانە بەردەوام دەبن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG