Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: پوتن تاوانباری جەنگە و دەبێت دادگایی بکرێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە داوای دادگایکردنی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتنی کرد وەکو تاوانباری جەنگ سەرکۆنەی کرد، بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە کە هێزەکانی رووسیا تاوانی جەنگیان دژی خەڵکی مەدەنی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە.

گوتارەکەی بایدن کاردانەوە بوو بەرامبەر ئەو وێنانەی لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە و جەستەی مردووی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەی بوچای نزیک کیێڤی پایتەخت نیشاندەدەن کە لەسەر شەقامەکان کەوتوون.

بایدن گوتی، "ڕەنگە بیرتان بێت کە ڕەخنەم لێگیرا کاتێک پوتنم بە تاوانباری جەنگ دانا. ڕاستی مەسەلەکە ئەوەیە بینیتان لە بوچا چی ڕوویدا. ئەوە دەیسەلمێنێت کە ئەو تاوانباری جەنگە. بەڵام دەبێت زانیاری کۆبکەینەوە."

بایدن بەڵێنی زیادکردنی سزای ئابووری بەسەر ڕووسیا دا.

داواکاری گشتی ئۆکرانیا ئایرینا ڤێندیکتۆڤڤا گوتی جەستەی مردووی 410 کەسی مەدەنی لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ دەرهێنراون کە بەم دواییە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ڕووسیادا بوون.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤۆ دەر لەین رۆژی دووشەممە لە تویتێکدا نووسی کە یەکێتی ئەوروپا تیمێک لێکۆڵەر دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا تا "بەڵگەی تاوانی جەنگ" دژی رووسیا کۆبکەنەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی رۆژی دووشەممە سەردانی بوچای کرد کە شەڕ وێرانی کردووە. لەوێ گوتی ئێستا قورستربووە کە بتوانین دانووستان لەگەڵ رووسیادا بکەین لەکاتێکدا ئاشکرابووە هێزەکانی رووسیا ئەو هەموو تاوانەیان دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە.

زێلێنسکی گوتی، "ئەمانە تاوانی جەنگن و لەلایەن جیهانەوە وەکو جینۆساید دانیان پێدا دەنرێت."

مۆسکۆ ڕەتیکردۆتەوە کە بەشداربووبێت لە کوشتنی خەڵکی مەدەنیدا لە بوچا. وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دیمەنەکانی بوچای بە "شانۆ" وەسفکرد.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG