زیاتر لە دە ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی سیناتی ئەمەریکا داوا لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆ بایدن دەکەن هەوڵ بدات ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکات بەهۆی داگیرکارییەکانی لە ئۆکرانیا.
لە نامەیەکی کە ڕۆژی دووشەممە نوسراوە و وێنەیەکی دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، هەشت دیموکرات و چوار کۆماری ئەو کۆمیتەیە داوایان لە لیندا تامس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، تا بەرنوسێک پێشکەشبکات بۆ لابردنی ڕووسیا لەو ئەنجومەنەی مافەکان و باس لە زیانە گیانییە زۆرەکان لە ئۆکرانیا و وێرانکردنی باڵەخانەکانی دانیشتوان، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دەکەن.
پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا یەکێکە لە بابەتە دەگمەنەکانی کە هەردوو حزب لەسەری کۆکن لە کۆنگرێسێکی تەواو دابەشبوودا، کە پێکەوە ملیاران دۆلاریان بۆ هاوکاری حکومەتی کیێڤ پەسەند کرد.
لەو نامەیەی کە لەلایەن کۆماری باڵای کۆمیتەکە سیناتۆر جیم ڕش و سەرۆکە دیموکراتەکەی باب منێندێزوە مۆر کراوە نوسراوە " دەبێت کاری خێرا بکرێت بۆ ئەوەی نیشانی جیهان بدرێت کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان بێدەنگ نابن لە ئاست هێرشە بێ جیاوازییەکان و بێ بنەماکان بۆ سەر خەڵکی سیڤیل و دیموکراسییەکان. کاتی ئەوە هاتووە بۆ ڕووسیا چیتر ئەو کورسییەی لەو ئەنجومەنەدا نەمێنێت."
سیناتۆرەکان لەو نامەیەدا دەشڵێن، ئەو وڵاتانەی کە دەبن بە بەشێک لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و هەراسانکردنی مافەکانی مرۆڤ دەتوانرێت بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لاببرێن. دەڵێن " ئێمە داواتان لێدەکەین بەرنوسێک پێشکەش بە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ داواکاری لابردنی ڕووسیا دستبەجێ لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان."
ڕووسیا ئەو هێرشانەی کە لە 24 ی مانگی دووەوە لە ئۆکرانیا دەستپێکردووە بە " ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت" ناودێر دەکات و نکوڵی لەوە دەکات خەڵکی سیڤیلی لە ئۆکرانیا کردبێت بە ئامانج.