Accessibility links

گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا " بەبێ تەوقەکردن " دەستیپێکردەوە


بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە پێش ئەوەی نوێنەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە تورکیا کۆبووونەوەکەی نێوانیان دەستپێبکەن، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری ئۆکرانیادا لێدرا، لە گفتوگۆکاندا کیێڤ دەیەوێت ڕێکەوتنی ئاگربەست واژۆ بکات، بەڵام بەبێ سازدان لەسەر خاک و سەروەرییەکەی.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە شاندەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد و وتی " ڕاگرتنی ئەم تراجیدیایە " پەیوەستە بە ئێوەوە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئۆکرانیا وتی کۆبوونەوەکە " بەبێ تەوقەکردن و بە پێشوازییەکی سارد " دەستیپێکردووە.

ئۆکرانیا و ئەمەریکا هیوایەکی کەمییان هەیە لەسەر ئەوەی گفتوگۆکانی ئەمجارە لە تورکیا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان لێبکەوێتەوە. بەڵام دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاگربەست لە ئۆکرانیادا، لەکاتێکدا داگیرکارییەکەی ڕووسیا لەسەرجەم بەرەکانەوە خاو بۆتەوە، بەڵام زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی شارە گەمارۆدراوەکان گەیشتووە.

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشێکی ئاسمانییان کردۆتە سەر کۆگایەکی سوتەمەنی لە هەرێمی ڕیڤن لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، کە ئەو ناوچەیەش زۆر دوورە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەوە.

جەنەڕاڵی ستافی سوپای ئۆکرانیا وتی " دوژمن بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشە موشەکییەکان و بۆردومانەکانیان بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ژێرخان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ناو شارەکانی ئۆکرانیا. ئەوان سەنگ دەخەنە سەر کۆگاکانی عەمبارکردنی سوتەمەنی تاوەکو ئەرکە لۆجیستییەکان ئاڵۆز بکەن و قەیرانێکی مرۆیی دروست بکەن."

شەوی دووشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دووبارە داوای لە ڕۆژئاوا کردەوە کاری زیاتر بکات بۆ سزاکانی ڕووسیا.

زێلێنسکی وتی " ئێمە، ئەو خەڵکەی کە لەژیاندا ماوە، دەبێت چاوەڕێ بکەین. ئایا ئەو هەموو شتەی تاوەکو ئێستا ڕووسیا ئەنجامیداوە شایستەی ئەوە نیە گەمارۆ بخرێتە سەر سوتەمەنییەکەی؟"

وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای توندییان سەپاندووە بەسەر ئابووری ڕووسیادا، بەڵام ئەوروپا بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە گاز و سوتەمەنی ڕووسیا بەستووە و دودڵە لەوەی هەناردەی نەوت و گازی ڕووسیا قەدەغە بکات.

لەم هەفتەیەدا بڕیارە بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا و ئەمەریکا لە بەرلین لەگەڵ بەڕێوبەرەکانی پیشەسازی وزەدا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دیکە بکەن بۆ هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا. کرێملن داوای کردووە ڕۆژئاوا بە دراوی ڕوبڵی ڕووسی پارەی گازەکەی بدەن، نەک بە یۆرۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG