ئەنجومەنی خۆجێی شارەکە دەڵێت ڕووسیا شارە کەناراوییەکەی ئۆکرانیا ماریوپولی بۆردومان دەکات کە گەمارۆی داوە و دانیشتوانەکەی لە "خۆڵەمێشی زەویەکی مردوو"دا گیریان خواردووە، ئەوان باس لەوە دەکەن کە دوو بۆمبی گەورەیان گرتۆتە شارەکەی لە کاتێکدا ئەوە چەند هەفتەیەکە دەروازەکانی ئەو شارە داخراون.
ژمارەی دانیشتوانی شاری ماریوپول لە پێش جەنگدا 400,000 کەس بووە، مەینەتی ئەو شارە پتر بە هاناوەچوونی کاری فریاگوزاری مرۆیی بووە هەر لەو کاتەوەی کە ڕووسیا نزیکەی مانگێکە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا دەستپێکردووە. وا چاوەڕوان دەکرێت کە سەدان هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە لە ژێر بۆردومانی بەردەوامدا گیریان خوارد بێت، بەبێ ئەوەی دەستیان بە خواردن، ئاو، کارەبا یان هۆکارەکانی خۆ گەرمکردنەوە بگات.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی سێشەممە لە گوتارێکی ڤیدیۆیەدا بۆ پەرلەمانی ئیتالیا ڕایگەیاند کە " لەوێ هیچ شتێک نەماوە."
ئەنجومەنی شار هیچ وردەکارییەکیان لە بارەی قوربانیان و زیانەکانی تەقینەوەکەی ئەم دواییە بڵاونەکردۆتەوە و هیچ ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لەوێ نەبوون بۆ ڕوماڵکردنی ڕووداوەکان کە بەلایکەمەوە ئەوە بۆ ماوەی هەفتەیەکە دەچێت ئەو شارە هەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە، ئۆکرانیا دەڵێت لەو ماوەیەدا ڕووسیا هۆڵەکانی شانۆ و قوتابخانەی هونەری و بینا گشتییەکانی دیکەی بۆمباران کردووەوە و سەدان ژن و مناڵ لە پەناگەکان خۆیان حەشارداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "جارێکی تر ئەوە ڕوون بۆوە کە داگیرکەران بایەخ بە ماریوپۆل نادەن" بەڵکو دەیانەوێت لەگەڵ خاکەکەدا وێرانی بکەن و بیکەنە خۆڵەمێشی خاکێکی مردوو.
ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە کە هاوڵاتیانی مەدەنی بکەنە ئامانج؛ ئۆکرانیا دەڵێت مۆسکۆ هەوڵەکانی ڕۆژانەیانی قەدەغەکردووە بۆ ناردنی کاروانی خۆراک و پێداویستیەکانی دیکە بۆ هاوڵاتیان یان ناردنی پاسەکان بۆ دەربازکردنی ئەو خەڵکە.
ڕووسیا داوای لە ئۆکرانیا کرد شارەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەدا بەدەستەوە بدات، کیێڤ ئەو هۆشداریەی ڕەتکردەوە.
ئیرینا ڤێرێشوک جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە بە تەلەڤیزیۆنی ئۆکرانی ڕاگەیاند "ئێمە داوای کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆییمان کردووە بۆ خەڵکی مەدەنی" ، "سوپاکەمان قارەمانانە بەرگری لە ماریوپۆل دەکات" ، "ئێمە ئەو ئاگاداریەکەمان قبووڵ نەکرد. داوای خۆبەدەستەوە دانیان کردووە لە ژێر ئاڵایەکی سپیدا، ئەمە یاریپێکردنە، ئەمە درۆیە."
ڕووسیا ئەم هێرشە داگیرکارییە گەورەیە هەر لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە بە "ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری تایبەت" ناودێری دەکات بۆ چەکداماڵینی ئۆکرانیا و پاراستنیان لە "نازیەکان". ڕۆژئاوا ئەمە بە پاساوێکی هەڵە بۆ جەنگێکی ناڕەوا ناودێر دەکات.
ماریوپۆل گەورەترین شارە کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئۆکرانیا دایە لە هەرێمی دۆنیتسک کە ڕووسیا داوای لە کیێڤ کردووە دەستبەرداری ئەو هەرێمە بێت بۆ ئەو جوداخوازانەی کە مۆسکۆ پشتیوانیان لێدەکات، میدیاکانی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە بە وتەی بەرپرسێکی جوداخواز دەڵێن ئێستا نیوەی ماریوپۆل کۆنتڕۆڵکراوە.
ئەوەی تا ئێستا بە ئاژانسی ڕۆیتەرز گەیشتووە لەوبارەیەوە بەشێکی شاری ماریوپۆل لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە و شارەکە بۆتە شارێکی ترسناک کە زۆرێک لە بینا و هۆڵە گەورەکان وێران بوون و گڕ و دوکەڵیان لێ بەرزدەبێتەوە و لاشەی کوژراوەکان لە بەتانییەوە پێچراون و لە کەنار شەقامەکان دانراون، هەندێک لە پیاوەکان سەرقاڵی هەڵکەندنی گۆڕن بۆ کوژراوەکان.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز