Accessibility links

چین: چین و پاکستان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە سزاکانی سەر ڕووسیا دەردەبڕن


وەزارەتی دەرەوەی چین وتی چین و پاکستان نیگەرانییە هاوبەشەکانی خۆیان سەبارەت بە " زیادبوونی کاریگەرییەکانی سزا تاکلایەنەکانی سەر ڕووسیا " دەربڕیوە کە بەهۆی جەنگەکەیەوە دژی ئۆکرانیا بەسەریدا سەپێندراون، هەروەها داوای ئاگربەست و چارەسەرێکی دیبلۆماتییان کرد بۆ قەیرانەکان.

چین و پاکستان خۆیان بەدوورگرتووە لە سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، ئەمەش بەپێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاواوە کە سزای بێپێشینەی ئابوورییان سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێری دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین دوابەدوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە لە پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەردوولا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی کاریگەرییەکانی سزا تاکلایەنەکان."

وتیشی " هەردوولا داوایان کردووە گفتوگۆ بکرێت بۆ خستنەوەی ئاگربەست، هەروەها هیوادارن بەپێی بنچینەکانی ئاسایشێکی دابەش نەکراو بتوانرێت چارەسەرێک بۆ کێشەی ئۆکرانیا بدۆزرێتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش بەیاننامەیەکی لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و داوای ئاگربەستی کرد، بەڵام ئاماژەی بە نیگەرانییەکان نەدا سەبارەت بە سزاکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG