Accessibility links

سەرۆک جۆو بایدن دەڵێت ئەمەریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی دژە ئاسمانی دەدات بە ئۆکرانیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڕیاری 800 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئاسایشی زیاتر پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری ڕووسیا. ئەم هاوکارییە نوێیەی ئەمەریکا بریتی دەبێت لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی دژە ئاسمانی.

سەرۆک بایدن لە لێدوانێکیدا لە لێدوانەکەیدا لە کۆشکی سپی گوتی هاوکارییەکان " بریتی دەبن لە 800 سیستمی دژە فڕۆکە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەشکری ئۆکرانیا بتوانێت بەردەوامبێت لە ڕێگەگرتن لە فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکانی کە هێرش دەکەنە سەر خەڵکەکەیان."

بایدن گوتی ” دەشێت ئەمە شەڕێکی درێژ و دژوار بێت، لە کاتێکدا خەڵکی ئەمەریکا گومانیان نییە لە پشتیوانی ئێمە بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، لە بەرامبەر هێرشە نائەخلاقییەکانی پوتین بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی".

لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا پاش وتارێکی ڤیدیۆیی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بوو بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا کە تیایدا داوای هاوکاری زیاتری ئەمەریکای کرد.

سەرۆک بایدن لە وتارەکەیدا ستایشی زێلێنسکی کرد و گوتی وتەکانی هیوابەخشن نەک تەنها بۆ گەلی ئۆکرانیا بەڵکو بۆ تەواوی جیهان.

سەرۆک زێلێنسکی لە وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا بۆ کۆنگرێس جارێکیتر داوای هەرێمی دژە فڕینی بەسەر ئۆکرانیادا کردەوە بەڵام گوتیشی ئەگەر شیانی جێبەجێکردنی ئەوە نییە با ئەمەریکا چەکی زیاتردابین بکات بۆ شەڕی دژ بە هێرشەکانی ڕووسیا.

XS
SM
MD
LG