Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا داوای پشتیوانی زیاتر لە ئەمەریکا دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە داوای هاوکاری زیاتری کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەیدا، و پێشنیازی هاوپەیمانێتییەکی نوێی ئەو وڵاتانەی کرد کە پێکەوە ڕووبەڕووی شەڕانگێزییەکانی ڕووسیا لە داهاتوودا ببنەوە. لە میانەی وتارەکەیدا بۆ یاسادانەران لە ئۆکرانیاوە زێلێنسکی گوتی "لە ئێستادا چارەنووسی وڵاتەکەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت - ئایا گەلەکەمان ئازاد دەبێت یان نا."

ئەو گوتیشی ئۆکرانیا و ئەمەریکا زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە بەتایبەتی خواستیان بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین.

زێلێنسکی باسی لە هێرشەکەی ساڵی 1941 ی ژاپۆنی کرد بۆ سەر بنکەی دەریای ئەمەریکا لە پێرل هاربەری هەوایی و هێرشە تیرۆرستییەکانی 11ی 9 ی 2001 بۆ سەر ئەمەریکا وگوتی ئۆکرانیا ڕۆژانە ئەمجۆرە هێرشانەی دەکرێتەسەر. جارێکیتر داوای هەرێمی دژە فڕینی بەسەر ئۆکرانیادا کردەوە بەڵام گوتیشی ئەگەر شیانی جێبەجێکردنی ئەوە نییە با ئەمەریکا چەکی زیاتردابین بکات بۆ شەڕی دژ بە هێرشەکانی ڕووسیا.

گوتیشی خۆی و گەلی ئۆکرانیا سوپاسگوزارن بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەمەریکا کردوونی و داوای کرد کە ئەمەریکا کاری زیاتر بکات، لەوانەشە سزای زیاتر بسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا.

سەرۆکی ئۆرکانیا داواشیکرد " دەبێت هەموو کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بازاڕی ڕووسیا جێبهێڵن، چونکە بە خوێنی ئێمە داپۆشراوە."

هەروەها داوای کرد ڕێخراوێکی نوێی ئەو وڵاتانەی کرد کە بەڕێگای سزای ئابوری و پشتیوانی لەشکری دژی شەڕانگێزی لە جۆری داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەوەستنەوە.

پەیامە ڤیدیۆییەکەی زێلێنسکی بۆ یاسادانەرانی ئەمەریکا دوابەدوای پەیامێکی هاوشێوەبوو بۆ پەرلەمانی، بەریتانیا، کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا کە لەو وتارانەشیدا تیشکی خستەسەر داواکارییەکان بۆ پشتیوانی زیاتری لەشکری و مرۆیی لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە.

XS
SM
MD
LG