Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا: واشنتن فڕۆکەی شەڕکەی F-15 دەدات بە میسڕ


فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی
فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی

جەنەڕاڵی باڵای هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی باوەڕی وایە ئەمەریکا فڕۆکەی F-15 بۆ میسڕ دابین دەکات.

فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی لەمیانەی دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمەریکادا وتی " پێم وایە هەواڵێکی خۆشە کە فڕۆکەی F-15 بۆ میسڕ دابین دەکەین."

مککێنزی وردەکاری نەدا لەسەر کات و چۆنێتی پێدانی ئەو فڕۆکانە بە میسڕ کە لەلایەن کۆمپانیای بۆینگەوە بەرهەم دەهێندرێن.

مانگی ڕابردوو مککێنزی جەختی لە " یارمەتییەکی زۆر بەهێزی سەربازیی " کردەوە بۆ میسڕ، ئەمەش لەکاتێکدا کە سەردانی قاهیرەی کرد دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڕیاریدا ئەو 130 ملیۆن دۆلارە ببڕێت کە ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی میسڕ لەڕووی سەربازییەوە بۆ ئەو وڵاتەی تەرخان کردبوو، بڕیارەکەی بایدنیش بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمەریکاوە بوو لەسەر تۆمارەکانی میسڕ لە مافەکانی مرۆڤدا.

بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەداوە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ میسڕدا ئاڵۆزە، میسڕ هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکایە و دەنگێکی سەرەکی هەیە لە جیهانی عەرەبیدا. بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا جەختیان لە ڕۆڵی میسڕ کردۆتەوە لە گونجاندنی تێپەڕبوونی کەشتیە جەنگییەکانی ئەمەریکا بە کەناڵی سوێز و پێدانی مۆڵەت بە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا تاوەکو بەسەر ئاسمانی میسڕدا هاتوچۆ بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG