وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە ڕەوانەکردنی چەکی بەرگری بۆ ئۆکرانیا و پشتیوانییەکانی بۆ کیێڤ.
ئۆستن پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە یەکگرتوویی دەمێنینەوە لە پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکرانیا. سەرکۆنەی داگیرکارییە بێ هۆکارەکەی ڕووسیا دەکەین."
وتیشی " پشتیوانی لە توانای ئۆکرانییەکان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان." ئاماژەشی بەوەدا بەڵێنەکەی ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکە " وەکو ئاسن پتەوە."
ئۆکرانیا ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و ڕووسیاش داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێر دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری بەرگری ئەمەریکا: بە یەکگرتوویی دەمێنینەوە لە پشتیوانییەکانماندا بۆ ئۆکرانیا
