Accessibility links

لاڤرۆڤ دەڵێت بابەتی بێلایەنی بۆ ئۆکرانیا بەجددی تاوتوێ کراوە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا وتی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا ئاسان نەبوون بەڵام هیوایەک هەیە بۆ گەیشتن بە سازدانێک و بابەتی بێلایەنی بۆ ئۆکرانیا بەجددی تاوتوێ کراوە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی " گفتوگۆکان ئاشکرایە ئاسان نین، بەڵام هیوایەک هەیە بۆ گەیشتن بە سازدانێک."

لاڤرۆڤ وتی " پێگەی بێلایەنی ئۆکرانیا لەگەڵ گرەنتییە ئەمنییەکاندا بەجددیی تاوتوێ کراوە."

لەلای خۆیەوە ئۆکرانیا بە وریاییەوە بەیاننامەی ئەرێنی دەرکردووە لەسەر گفتوگۆکانی ئاشتی، دەڵێت دەخوازێت گفتوگۆ بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بەڵام خۆی بەدەستەوە نادات یاخود دوائاگادارییەکانی ڕووسیا قبوڵ ناکات.

لاڤرۆڤ وتی بابەتە سەرەکییەکان بریتی بوون لە ئاسایشی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و داماڵینی سەربازیی ئۆکرانیا و مافی ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیا کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن.

لە 24 ی مانگی دوودا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند و بەرپرسیارێتیەکەشی خستە ئەستۆی ئەمەریکا لەسەر ئەوەی وەکو ڕووسیا دەڵێت هەڕەشەی لە ڕووسیا کردووە لەڕێی فراوانکردنی هاوپەیمانێتی ناتۆوە بەرەو ڕۆژهەڵات و نزیک ڕووسیا.

پوتن وتی هیچ بژاردەیەکی نەبووە جگە لە " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە "، چونکە ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیا کە بە ڕووسی قسە دەکەن لەلایەن " نەتەوە پەرستەکان و نازییە نوێیەکانەوە " ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.

ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن بانگەشەکانی ڕووسیا کە گوایە کۆمەڵکوژی دژی ئەو هاوڵاتیانە ئەنجامدراوە کە بە ڕووسی قسە دەکەن بێ بنەمان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG