Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا گومانی هەیە لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی گومانی هەیە لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و وتی پێویستە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە تاوەکو گفتوگۆکان سەرکەوتوو بن، ئاماژەشی بەوەدا " بە هەر نرخێک بێت " دەبێت پوتن بوەستێندرێت.

تڕەس بە کەناڵی بی بی سی وت " گومان هەیە لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەکاتێکدا ڕووسیا هێشتا بەردەوامە لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیا. بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بە جددی وەربگیرێن دەبێت سەرەتا ڕووسیا ئاگربەست جێبەجێ بکات و هێزەکانی بکشێنێتەوە."

وتی " ئەگەر دڵنیا نەبینەوە لەوەی ڤلادیمیر پوتن دەبێت بدۆڕێت لە ئۆکرانیا، ئەوا پێدەچێت لەو کاتەدا پوتن بیەوێت زیاتر بڕوات. دەبێت بە هەر نرخێک بێت بیوەستێنین. گرنگە ڤلادیمیر پوتن بوەستێنین، ئەو هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر جیهان."

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا وەزیری تەندروستی بەڕیتانیا ساجید جاڤید جەختی لەوە کردەوە هاوپەیمانێتی ناتۆ وەڵام دەداتەوە ئەگەر مووشەکەکانی ڕووسیا لەسەر ناوچەکانی ناتۆ بکەونە خوارەوە، وتیشی بەڵام ئەگەری ڕوودانی ئەوە " زۆر کەمە."

تڕەس کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی مەبەستی چییە لەوەی کە دەڵێت " بە هەر نرخێک بێت " دەبێت پوتن بوەستێنین، تڕەس وتی " دەبێت هەرچی لەتواناماندا بێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتماندا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕژێمی ڕووسیادا. ئێستا چەکی دژە فڕۆکە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکەین چونکە نامانەوێت ئەم جەنگە زیاتر پەرە بسەنێت. لەبەر ئەوەیە دەبێت ئێستا توند بین."

وتیشی " لەبەر ئەوەیە دەبێت لەگەڵ وڵاتانی سەرانسەری جیهاندا کاربکەین، لەگەڵ هەندێک لەو وڵاتانەدا لە زۆر بابەتدا هاوڕا نین، بەڵام ئەوەی کە هاوڕاین لەگەڵیاندا ئەوەیە کە نابێت هەروا بە ئاسانی سەیر بکەین ڕووسیا وڵاتێکی خاوەن سەروەر داگیر بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG