Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ جۆو بایدن داوای یارمەتی زیاتر دەکات


ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان وتووێژی کردووە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە جارێکی تر لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا وتووێژی ئەنجامداوە.

گوتیشی لەو پەیوەندییەدا لەگەڵ بایدن سەبارەت بە پرسە ئاسایشیەکان و پاڵپشتی دارایی بۆ ئۆکرانیا و بەردەوامبوونی سزاکانی دژ بە ڕووسیا گفتوگۆیان کردووە.

هاوکاتیش کۆشکی سپی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا وتووێژی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجامداوە.

کۆشکی سپی لە لێدوانەکەیدا دەڵێت بایدن لە قسەکانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی و کەرتی تایبەتی کردوەتەوە لە دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە بایدن بە تایبەتی پێشوازی لە بڕیارەکەی ئێوارەی ڕۆژی شەممەی کۆمپانیای دارایی "ڤیزا" و "مەستەرکارد" کردووە بۆ ڕاگرتنی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە ڕووسیا.

کۆشکی سپی دەڵێت جۆو بایدن لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ زێلێنسکی ڕایگەیاندوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی یارمەتی ئاسایشی و مرۆیی و ئابووری بۆ ئۆکرانیا زیاد دەکات و لە نزیکەوە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمەریکا کار دەکات بۆ دابینکردنی خەرجی زیاتر. هەر لەو پەیوەندییەدا سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانییەکانی سەبارەت بەهێرشەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا بۆ سەر کارگە ناوەکییەکەی ئۆکرانیا دووپات کردەوە و ستایشی "کارامەیی و ئازایەتی" ئەو کارپێکەرانەی ئۆکرانیای کرد کە لەو هەلومەرجەدا وێستگەکانیان پاراستووە.

XS
SM
MD
LG