سەدان ئەفغانی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتی خۆیان بە هۆی جەنگ هەڵهاتبوون ، ئێستا لە ئۆکرانیا کە تێیدا زۆر کەس هەوڵدەدەن هەڵبێن، گیریان خواردووە.
ڕەعنا ئەڵوات لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی شاری ئۆدێسایان بەجێهێشتوە بۆ ئەوەی لەو وڵاتە هەڵبێن و ئەوان سواری شەمەندەفەرێک بوون. ئەو خێزانە پاش گرتنی پاس و چاوەڕوانییەکی زۆر لە ڕیزە درێژەکانی سنووری پۆڵەندیا، ڕۆژی دووشەممە گەیشتنە سەر سنوور.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت "کوڕە 3 ساڵانەکەم زۆر لە تەقینەوەی بۆمبەکان دەترسا، پێم گوت هیچ نییە و ئەوە تەنها باڵۆنە دەتەقێتەوە".
شەش ساڵ لەمەوبەر ئەم گەنجە تەمەن 26 ساڵە بە هیوای داهاتوویەکی باشتر کۆچیکرد بۆ ئۆکرانیا و لە قوتابخانەیەکی پەنابەرانی ئەفغانی بنکە لە ئۆدێسا وانەی دەوتەوە.
ئەو دەڵێت "ئەمە هەستێکی زۆر ناخۆشە، من خەونم ئەوە بوو لێرە بەردەوام بم لە خوێندنەکەم، ئێستا ڕووبەڕووی هەمان نەهامەتی بوومەتەوە و زۆر نیگەرانم بۆ خێزانەکەم و ئێستا دەبێت دووبارە بە دوای شوێنێکدا بم بۆ نیشتەجێ بوونیان."
داتاکانی کۆچی ئۆکرانیا ئاماژە بەوە دەکەن لە کۆتایی ساڵی 2020دا نزیکەی 1449 ئەفغانی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان لەو وڵاتەدا وەرگرتووە و زیاتر لە 200 کەسیش ڤیزای کاتییان هەبوو، بەڵام هەندێ ئەفغانی دیکەش وەک سەنعاوڵا تەسمیم دوای ئەوەی لە مانگی8 دا تاڵیبان دەستی بەسەر کابولدا گرتەوە، پەنایان بردووە بۆ ئۆکرانیا.
ئەو گەنجە تەمەن 20 ساڵە شەش مانگ لەمەوبەر ئەفغانستانی بەجێهێشتبوو بۆ ئەوەی خوێندنی پزیشکی لە مۆسکۆ تەواو بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئەفغانستان ڕووخا و بەخششی خوێندنەکەی لە لایەن حکومەتەوە لێبڕا، هەر بۆیە نەیتوانی خوێندنەکەی دەستپێبکات و بە ناچاری ڕووی لە ئۆکرانیا کردبوو بۆ کارکردن و پەیداکردنی داهاتێک بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت "من لە جەنگ هەڵاتم و ئەو هەموو ڕێگایەم بڕی بۆ ئەوەی لێرە بخوێنم و داهاتوویەکی باشتر دروستبکەم، بەڵام لە جەنگێکی تردا گیرم خواردووە."
لە 24ی مانگی 2دا، ماریوس کامینسکی وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە نۆ ناوەندی پێشوازیکردن لە پەنابەران لە سەر سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئۆکرانیا دادەمەزرێنن بۆ وەرگرتنی ئاوارەکان.
تەسمیم دەڵێت ڕۆژی دووشەممە گەیشتۆتە پۆڵەندا و دەشڵێت " من هەموو شتێکم لە ڕێگادا وەک تەلەفۆنەکەم و پارە و جانتاکانم لە دەست دا، بەڵام هەرچی بێت زۆر خۆشحاڵم کە ئێستا لە شوێنێکی پارێزراودام."
سەبور شاه داودزایی، پەنابەرێکی تری ئەفغانییە کە شەش مانگ لەمەوبەر گەیشتوەتە پۆڵەندا و لەئێستاشدا خەریکی کۆکردنەوەی خواردن و جلوبەرگە بۆ پەنابەرە ئۆکرانییەکان. ئەو لەڕێگای تەلەفۆنەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە هەست بە ئازاری ئۆکرانییەکان دەکات.
داودزایی گوتی "بینینی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە تێیدا ئۆکرانییەکان بۆ پەناگایەک دەگەڕان لە وێستگەکانی میترۆ بۆ حەشاردانی خۆیان، منی بردەوە بۆ شەش مانگ پێش ئێستای ئەفغانستان کاتێک لە فڕۆکەخانەی کابول بووم لە کاتی ڕووخانی حکومەتدا. بینینی ئەم دۆخە دەمخاتە گریان، کەس وەک ئێمەی ئەفغانی لە دۆخی ئۆکرانییەکان تێناگات."
جاوید حەقماڵ، وەرگێڕی کەناداییەکان لە پارێزگای قەندەهاری ئەفغانستان لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئۆکرانیاوە گوازرانەوە.
حەقماڵ و هاوسەرەکەی و چوار منداڵەکەیان لەهەوڵدان بەپەڕینەوە بۆ پۆڵەندا بۆ ئەوەی لەو شەڕی بەرۆکی ئۆکرانیای گرتوە، خۆیان دەرباز بکەن.
ئەو گوتی "ئێمە لە ڕێگاداین، هەوڵ دەدەین بگەینە پۆڵەندا و من هەرگیز بیرم نەدەکردەوە کە خۆم لە ناوەڕاستی جەنگێکی تردا ببینمەوە. خۆزگە منداڵەکانم شاهیدی کارەساتێکی تر نەدەبوون، ئەوان توشی شۆک بوون."
بە پێی ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، تاکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس لە ئۆکرانیا هەڵاتوون. ئەو ئاژانسە پێشبینی ئەوەش دەکات کە لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەو ژمارەیە بگاتە 4 ملیۆن کەس.