Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی یەک ملیۆن ئۆکرانی لە نێوخۆی وڵاتدا ئاوارەبوون


ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ناو ئۆکرانیادا ئاوارە بوون، جگە لەو سەدان هەزار کەسەی کە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.

کارۆلینا لینهۆم بیلینگ نوێنەری ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR)) بۆ ئۆکرانیا لە ستۆکۆلم بە پەیامنێرانی گوت " سەرنجێکی زۆر خراوەتە سەر ئەو کەسانەی کە هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام گرنگە ئەوەشمان بیربێت ژمارەیەکی زۆرتر لە نێوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارەبوون".

ئەو گوتیشی " هێشتا ئێمە ئامارێکی باوەڕپێکراومان لەبەردەستدا نییە بۆ ئاوارەکانی نێو ئۆکرانیا، بەڵام وا مەزەندە دەکەین نزیکەی یەک ملیۆن کەس ببن، کە هەڵاتوون بۆ شوێنێکی تری نێو خۆی وڵاتەکە یان لە نێو شەمەندەفەر، پاس یان ئۆتۆمبێلدان و هەوڵ دەدەن بگەنە شوێنێکی پارێزراو."

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا هاوکارییەکانی لە سنوورەکانی وڵاتانی دروسێی ئۆکرانیا زیاد کردووە.

لە هەمانکاتدا UNHCR لە ژنێڤ ڕایگەیاند 660 هەزار کەس هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ژمارەیەک بە شێوەیەکی زۆر خێرا زیادبکات.

شابیا مانتو گوتەبێژی ئاژانسەکە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند " لە ئێستادا دەزانین کە تەنها لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا 660 هەزار کەس هەڵاتوون بۆ نێو وڵاتانی دراوسێ."

XS
SM
MD
LG