سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی داوای لە ڕۆژئاوا کرد بیر لە دامەزراندنی ناوچەیەکی دژە فڕین بکاتەوە بۆ ڕاگرتنی فڕۆکە ڕووسییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ بۆردومانی شاری خارکیڤی ئۆکرانیای کرد کە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، لە وەڵامیشدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سزای دیکەیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا.
گۆشەگیرکردنی ڕووسیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە زیادبووندایە، کۆبوونەوەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاش بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ شکستی هێنا.
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شاری خارکیڤ کە 1.4 ملیۆن دانیشتووی تێدایە، بووەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵان. زێلێنسکی گوتی ئێستا کاتی ئەوەیە ڕێگە نەدرێت موشەک و فڕۆکە و کۆپتەرەکانی ڕووسیا لە ئاسمانی ئۆکرانیادا بمێننەوە.
زێلێنسکی وتی " گفتوگۆی دادپەروەرانە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە لایەنێک بەدیاریکراوی لە ماوەی گفتوگۆکاندا بە موشەک بۆردومانی لایەنەکەی دیکە نەکات."
ئەمەریکا کە بەدووریزانیوە هێزی سەربازیی ئەمەریکا ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتە، بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لەنێوان ڕووسیا و ئەمەریکادا.
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " ناوچەی دژە فڕین پێویستی بە جێبەجێ کردن دەبێت."
ساکی وتی " ئەم جۆرە هەنگاوە پێویستی بەوە دەبێت هێزی سەربازیی ئەمەریکا ڕەوانە بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و جەنگ لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەش شتێکە کە پلانمان نیە بەشێک بین تیایدا."
وڵاتانی ڕۆژئاوا یەکگرتوو بوون لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ڕووسیادا و سزای ئابووری توندیان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، سزاکان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و کەسە نزیکەکانیشی گرتۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆکرانیا داوای ناوچەی دژە فڕین دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا
