Accessibility links

ئۆکرانیا بەهۆی مەترسی لەسەر گیانی گەشتیاران گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرت


ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند گەشتی فرۆکە مەدەنییەکانی وەستاندووە بەهۆی "مەترسی گەورە" لەسەر سەلامەتی گەشتیاران و هۆشداری دا بە ئاژانسی ڕێکخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەوروپا لە مەترسییەکانی گەشتەکان لەو ناوچانەی کە لە نێوان ڕووسیا و بیلارۆس دایە بەهۆی چالاکیە لە شکرییەکانەوە.

ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی دەرکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا، کە وا دەردەکەوێت سەرەتای جەنگێک بێت لە ئەوروپا.

خزمەتگوزارییەکانی گەشتە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی ئۆکرانیا لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆیان ڕایگەیاندووە کە ئاسمانی ئەو وڵاتە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لە کاتژمێر 12:45 ی نیوەی شەو بە کاتی گرینیچ بۆ گەشتی ئاسمانی مەدەنی داخراوە و خزمەتگوزارییەکانی گەشتی ئاسمانیش ڕاگیراون.

دامەزراوەی سەلامەتی فڕۆکەوانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە سنووری ئاسمانی ڕووسیا و بێلاروس بە درێژایی 100 میل کە دەکاتە 185 کیلۆمەتر هاوپەیوەند بە سنوورەکەیانەوە لەگەڵ ئۆکرانیا دەتوانێت مەترسی بۆ هێڵی ئاسمانیش دروستبکات.

ئاژانسەکە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە مەترسییەکانی ناوچەی شەڕەکە ڕایگەیاند "بە تایبەتی مەترسی بە ئامانجگرتنی بە ئەنقەست و خراپ تێگەیشتن لە ناسینەوەی فڕۆکە مەدەنییەکان هەیە."

"هەبوون و بەکارهێنانی ئەگەری فراوانی سیستەمی جەنگی وشکانی و ئاسمانی مەترسییەکی گەورە بۆ گەشتە مەدەنییەکان دروستدەکات کە لە هەموو ئاستەکانی بەرزایی و مەودای فڕینی فڕۆکەکان دا لە ئارادان".

کارداری فڕۆکەوانی سەرنجی زۆریان لەو مەترسیانە وەرگرتووە کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە مەترسی بۆ سەر فڕۆکە مەددەنییەکان دروستبووە، هەر لەو کاتەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مالیزیا MH17 لە سنوری ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە ساڵی 2014 دا خرایە خوارەوە.

ئاژانسی هێڵە ئاسمانیەکانی ئەوروپا (ئی ئێس ئەی) ڕایگەیاند وەزارەتی بەرگری ڕووسیا نامەیەکی بەپەلەی ناردووە بۆ ئۆکرانیا هۆشداری دەدات کە هەر لە رۆژی پێنجشەممەوە لە کاتژمێر 12:45 ی نیوەی شەو بە کاتی گرینیچ مەترسی گەورە لە ئارادایە بۆ سەر سەلامەتی فڕۆکەوانی بەهۆی بەکارهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازیەوە. داواشی لە ئاژانسی چاودێری هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا کرد گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگرن.

ماڵپەرەکانی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە پیشانی دەدەن کە هێڵە ئاسمانییەکانی باکوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکە زۆر قەرەباڵەغ دیارە.

گەشتێکی ئاسمانی ئێڵ-های لە تەلئەبیبەوە بۆ تۆرۆنتۆ بووە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە پرێکدا ئاڕاستەکەی گۆڕیوە، ئەمەش بەپێی چاودێری گەشتی ئاسمانی FlightRadar24.

گەشتێکی هێڵی ئاسمانی پۆڵەنداش لە وارشۆوە کە بەرەو کیێڤ دەڕۆشت، دەمودەست گەڕایەوە بۆ وارشۆ.

چەند کاتژمێرێک پێش ئەو کاتە، کۆمپانیای سەلامەتی گەشتە ئاسمانیەکان Safe Airspace کە بۆ دابینکردنی پێدانی زانیاری سەبارەت بە سەلامەتی و دیاریکردنی ناوچەکانی شەڕ دروستبووە، ئاستی مەترسی لە سەرانسەری ئۆکراینا "بۆ گەشتە ئاسمانییەکان" زۆر بەرزکردووە کە گەشتی ئاسمانی نەکرێت.

هەروەها هۆشداری دا لە بارەی ئەگەری هێرشی ئینتەرنێتی لەسەر کۆنتڕۆڵی ترافیکی ئاسمانی ئۆکرانیا.

هاوکات ڕووسیا هەندێک مەودای ئاسمانی لە کەرتی ڕۆستۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی سنووری خۆیەوە لەگەڵ ئۆکرانیا داخستووە "بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش" بۆ گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان، ئەمەش بەپێی ئەو ئاگاداریەی کە ئاڕاستەی فڕۆکەوانەکان کراوە.

بەر لەو ئاگاداریەی ئۆکرانیا سەبارەت بە داخستنی سنوری ئاسمانی خۆی، ئەمەریکا، ئیتالیا، کەنەدا، فەرەنساو بەریتانیا داوایان لە کۆمپانیاکانی گەشتە ئاسمانیەکانی خۆیان کرد کە خۆیان بە دووربگرن لەو مەودا ئاسمانییە دیاریکراوەی کە دەڕوانێت بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و کریمیا بەڵام نەیانوتووە کە بە تەواوەتی گەشتە ئاسمانییەکان قەدەغە بکرێن.

کۆمپانیا Lufthansa ی ئەڵمانی لە ڕۆژی دووشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئۆکراینا ڕاگرتووە و چووە پاڵ کۆمپانیای KLMکە پێشتر گەشتەکانی ڕاگرتبوو.

هەفتەی ڕابردوو دوو هێڵی ئاسمانی ئۆکرانی کێشەی زامنکردنی پاراستنی هەندێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان ئاشکرا کرد لە کاتێکدا هەر لەگەڵ لە شکرکێشییە گەورەکەی ڕووسیادا بۆ سەر سنووری ئۆکرانیا هێڵی ئاسمانی کۆمپانیا بیانییەکان دەستیان کرد بە دوورکەوتنەوە لە سنووری ئاسمانی وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG