دوای ئەوەی گرژییەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زیاتر ئامادە دەکات، ئۆکرانیاش داوا لە هاوڵاتیانی دەکات ڕووسیا بەجێبهێڵن.
سەرۆکی ڕووسیا، ڤیلادێمیر پوتن داوای کردووە هێزە سەربازییەکان بچنە ناو دوو ناوچەی ئوکرانیای ژێر دەسەڵاتی جوداخوازەکانی سەر بە ڕووسیا و ئەمەش بوو هۆی سەپاندنی کۆمەڵێک سزا لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لە دژی ڕووسیا.
پێدەچێت هیچ هیوایەک بۆ گرتنەبەری رێگای دیپلۆماسی بۆ دەرچوون لە جەنگێکی نوێ و وێرانکەر نەمابێت.
ئەمەریکا و هاوپەیمانە سەرەکیە ئەوروپاییەکانی، ڕۆژی سێشەممە مۆسکۆیان تاوانبار کرد بەوەی کە هێڵی سووریان بۆ چوونە ناو خاکی ئۆکرانیا بەزاندووە و زۆرێکیان ئەو کارەیان بە داگیرکاری ناودێر کرد.
ئەنتۆنی بلینکن دیداری خۆی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی لەسەر ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە.
کیێڤ باڵوێزی خۆی لە ڕووسیا گەڕاندوەتەوە و دەیەوێت هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا بپچڕێنێت.
دەیان وڵات بانکە ڕووسییەکانیان لە بازاڕە نێودەوڵەتیەکاندا داخستووە و ئەڵمانیا ڕێکەوتنێکی گەورەی هێڵی بۆری لەگەڵ ڕووسیادا ڕاگرتووە.
هەروەها ئەمەریکا هێزێکی زیاتر بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ کە هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیادا ڕەوانە کردووە.