Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە " دەستپێدەکات "


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، واشنتن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، واشنتن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت ڕووسیا دەستیکردووە بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ دیبلۆماسی تاوەکو هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دووربخەینەوە کە " خراپترین سیناریۆیە."

سەرۆک بایدن لە وتارێکدا وتی " ئەمە سەرەتای داگیرکردنی ئۆکرانیایە لەلایەن ڕووسیاوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کە تیایدا دوو هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند و فەرمانی کرد هێزی سەربازیی ڕووسی ڕەوانەی ئەو دوو هەرێمە بکرێن کە بە دۆنباس ناسراون.

سەرۆک بایدن وتی " پوتن چۆن مافی ئەوە بە خۆی دەدات ناوچەی خاکی دراوسێکەی وەکو وڵاتی سەربەخۆ بناسێنێت؟ ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و پێویستی بەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامێکی توندی بداتەوە."

سەرۆک بایدن لە وتارەکەیدا وتی " ئەو ' پوتن ' داناییەک دەردەخات بۆ ئەوەی لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە ناوچەی زیاتر بگرێت. هەروەها ئەگەر گوێ لە وتارەکەی دوێنی شەوی بگرین، داناییەک دەردەخات بۆ ئەوەی زۆر زیاتر بڕوات."

سەرۆک بایدن سەپاندنی سزای نوێی بەسەر بەرپرسانی باڵای سیاسی و دارایی ڕووسیادا ڕاگەیاند، ئەوەش لەپێناو بەربەست دانان لەبەردەم داگیرکارییەکی بەرفراوانی ڕووسیادا.

سزاکانی ئەمەریکا دوو دامەزراوەی دارایی و بەرپرسانی باڵای سیاسیی و دارایی ڕووسیا و خێزانەکانیشیان دەکاتە ئامانج.

وتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پێدانی چەکی " بەرگری " بە ئۆکرانیا و ڕەوانەکردنی هێزی زیاتری ئەمەریکا بۆ پتەوکردنی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵام ڕوونیکردەوە هێزەکانیان بۆ " شەڕکردن " لەوێ نابن.

ئاماژەشی بەوەدا گفتوگۆ دیبلۆماتیەکان دەکرێت ڕێگە لە خراپتربوونی قەیرانەکە بگرن، کە یەکێکە لە خراپترین قەیرانی ئاسایش کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕووبەڕووی ئەوروپا بۆتەوە.

سەرۆک بایدن وتی " ڕێگەی دیبلۆماسی هێشتا دەتوانێت قەیرانەکە چارەسەر بکات، ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان بە کراوەیی دەمێنینەوە بەڕووی دیبلۆماسیدا، ئەگەر جددی بێت، کاتێک هەموو شتەکان دەوترێن و جێبەجێ دەکرێن، لەسەر کردەوەکانی ڕووسیا فەرمان دەدەین نەک قسەکانی."

بایدن وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ڕووسیا سەرکوتکارەکەیە، ئێمەش بەرچاومان ڕوونە لەسەر ئەوەی بەرەنگاری چی بووینەتەوە."

سەرۆک بایدن ئاماژەشی بەوەدا " هێشتا کات ماوە بۆ دوورخستنەوەی خراپترین سیناریۆ کە دەبێتە هۆی ناڵاندنی ملیۆنان هاوڵاتی ئەگەر ئەوان وەکو ئەوەی پێشبینی کراوە بجوڵێن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG